چنار سەعد: بە کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چارەنووسی عێڕاق ڕوونتر دەبێتەوە

چنار سەعد: بە کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چارەنووسی عێڕاق ڕوونتر دەبێتەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەمەریکا دەمێکە گەیشتووە بەو ئەنجامەی ئیدارەدانی وڵاتێک بەو ھەموو ململانێیەوە ئەستەمە، بۆیە لەوەیە ھەوڵ بدەن بە شێوەی "لەحیمکردن جارێکی تر بە کاری بخەنەوە، بەڵام بە کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چارەنووسی عێراق ڕوونتر دەبێتەوە."

(چنار سەعد) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ھەرچەندە شەڕ و ململانێکان لە عێڕاق بەردەوامی ھەبێت، ڕق و کینە و بێمتمانەیی و دوورکەوتنەوەی زیاتر لەنێوان پێکھاتەکاندا دروست دەبێت، ئەمەش زیاتر ڕێگا بۆ لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەی ئەم وڵاتە خۆش دەکات، نەک بۆ دوو پارچە بەڵکو بۆ سێ پارچە. دەوڵەتی عێراق بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بریتییە لە ئەزموونێکی پڕ لە کوشتن و بڕین، کە لە ئێستادا باشترین چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشییە کوشندەیە ھەڵوەشاندنەوەیەتی."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی هەمان ئەو ڕایەی کە لە پۆستێکیدا لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا نووسیویەتی، دووبارە دەکاتەوە و، دەڵێ، "عێراق دەبێ بۆ سێ دەوڵەتی (عێراقی باشوور، عێراقی باکوور، کۆماری کوردستانی فیدراڵ) دابەش ببێت، هەڵبەتە ئەم سێ وڵاتە دەتوانن ببنە چەند دراوسێیەکی زۆر باش لەگەڵ یەکتری، نەک دوژمندارییەکی بەردەوام لەناو یەک وڵاتدا."

کوردستان لە ھاوکێشەی سیاسیی ھەرێمی، وەک ناوچەیەکی ھەستیار سەیر دەکرێت، ھەم لەبەر ئەوەی دراوسێی دوو وڵاتی گرینگی وەک ئێران و تورکیایە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و نھێنی لە ململانێدان، ھەمیش وەک بەشێکی ئارام و پێشکەوتوو جیاوازتر لە عێراق دەبینرێت. ئەمڕۆکە ئەو ماڵە کەمئەزموون و متەوازعە بووەتە ماڵی پەنابەر و ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕ و ناکۆکییەکانی ناو عێراق و دەوروبەر، لەو ڕووە بووەتە مایەی سەرنجی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا؛ بەڵام وەک (چنار سەعد) گوتی: "لەھەمبەر پرسی سەربەخۆییی کوردستاندا، تائێستا ئەو وڵاتانەی کە فرمێسک بۆ خنکانی منداڵێکی ئاوارە ھەڵدەڕێژن، ئامادە نین ەب ئاشکرایی مەسەلەی سەربەخۆییی کوردستان لە دەرەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان قەبووڵ بکەن. بۆیە من پێموایە دەبێ ھەوڵ بدەین ئەوان بهێنینە سەر ئەو باوەڕەی کە، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پشتیوانیمان بکەن."

پرسیار ئەوەیە کە داخۆ دەشێ کورد ببێ بە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا لە ناوچەکەدا؟، (چنار سەعد) باوەڕی وایە کە "ڕەنگبێ ئەوان دەمێک بێ گەشتبنە ئەو ئەنجامەی کە ئیدارەدانی وڵاتێک بەو ھەموو گرفت و ململانێ و نەگۆڕانی عەقڵیەتی یەکتر قەبووڵ نەکردن و باڵادەستی، ئەستەمە؛ بەڵام بەھۆی بەرژەوەندییەکانیان، جارێ ددانیان بەو مەسەلەیەدا نەناوە و چاوەڕوانی دەرفەتی گونجاو دەکەن. ڕەنگبێ ھەوڵ بدەن ئەم وڵاتە(عێراق) و دامەزراوەکانی، بە شێوەی لەحیمکردن جارێکی تر بەکار بخەنەوە، بەڵام لە کۆتایی مانگی یازدە و بە کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنی ئەمەریکا، چارەنووسی عێراق ڕوونتر دەبێتەوە."
ڕۆڵی سەرکردایەتیی کوردستان و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی کوردستان لەهەمبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بەغدا، کە وێڕای کێشە ناوخۆییەکانیان لە ھەرێم کەچی ھاوھەڵوێست بوون، بووە جێ ئومێدی کوردستانیان، (چنار سەعد) کە هاوکات مامۆستای زانکۆیشە، ئەم جۆرە لە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستییە بە سیاسەتکردنی ژیرانە و پێگەیشتنی سیاسی ناو دەبات و دەڵێ جێگای شانازی و دەستخۆشییە.
ئەو گوتیشی، "ھیوادارین ئەم یەکهەڵویستییە بەردەوام بێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنییش لەسەر لێکنزیککردنەوەی ھێزە سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆدا دروست بکات، ئەمە وێڕای ئەو سیاسەتە دووربینانەی جەنابی سەرۆکی ھەرێم کە لە ئیدارەدانی قۆناغی پێش شەڕ و دوای شەڕ لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە؛ ئەو ھەموو ھەوڵە دیپلۆماسییە بەرفراوانەی کە (سەرۆک بارزانی) دەستەبەری کردووە بۆ بەھێزکردنی پێگەی ھەرێم لە جیھان و ناوچەکە، ھەموو پێکەوە داھاتووی کوردستان رۆشنتر دەکات."









KDP
Top