سەفین دزەیی: لەسەر بارودۆخی خورماتوو حكوومەت بێدەنگ نییە

سەفین دزەیی: لەسەر بارودۆخی خورماتوو حكوومەت بێدەنگ نییە
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بارەی بارودۆخی خورماتوو بێدەنگ نەبووینە، ئێمە لایەنگری شەڕ و توندوتیژی نین، بەڵام ئەگەر خەڵێك بیەوێت زیان بە خەڵكی كوردستان بگەیەنن بە ھەڵە چوونە.

لە لێدوانێكدا سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لەسەر رووداوەكانی خورماتوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبووە، لە بەرزترین ئاست لە سەرۆكایەتی ھەرێم و سەرۆكایەتی حكوومەت و دامودەزگاكانی دیكە، بەتایبەتی لە پارێزگای كەركووك رۆڵێكی بەرچاوی ھەبوو بۆ ھێوركردنەوەی بارودۆخەكە".

گوتیشی: "ئێمە لایەنگری ئەوەین بارودۆخەكە ھێورببێتەوە و شەڕوتوندوتیژی نەبێت، بەتایبەتی لە نێوان ھێزی كوردی و برا شیعەكان، چونكە ئێمە مێژووەیەكمان بەیەكەوە ھەیە و خەباتمان بە یەكەوە كردووە، لە كاتێكدا دوژمنێكی دڕندەمان ھەیە و بەرۆكی ھەرێمی كوردستان و عێراقی گرتووە كاتی ئەوە نییە بكەوینە گیانی یەكتر".

سەفین دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە ھەموو ھەوڵەكان چڕبكەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو گرفتانەی ھەیە بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر خەڵكێك پێیوایە خوێنی كورد ھەرزانە و ھەركاتێك بیانەوێت دەتوانن زیان بە خەڵكی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە و ناوچە كوردستانییەكان ببەن بە ھەڵە چوونە، با جانسی خۆیان تاقی نەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت بە ھێمنی گرفتەكان چارەسەر بكەین".











K24
Top