گوڵان-ی دڵان ... گوڵان ئەی هەمیشە هەوارگە بەردڵانەكەی جێژوانی دلبەرو دلبراوان .
گوڵان ئەی هەمیشە هەوارگە بەردڵانەكەی جێژوانی دلبەرو دلبراوان، ئەی ئەو مێرگوڵانەی لەهەر گوڵزارێ خەرمانێ لە گوڵانی دەماغ بۆژێنەرەوەی تێدایە، گوڵان ئەی دەستەملانێی گوڵانی گشت وەرزەكانی ساڵ، ئەوە گوڵە باخی پاییزەو، نێرگزو وەنەوشەو هەڵاڵەی بەهاران و مێخەك و دەستەخوشكانی زستانەو،هەتا چاو بڕكا بۆی هەزارو یەك تەلەبۆنی توواوە لە سۆزو سروەی بەیانیان و دەم ئێوارەی هاوینانی دایە.
گوڵانەكەم، جاری جاران، باوباوان، پێشینان، دەیان فەرموو: ئێمەش هەروا بیستوومانە و هەر واش بووەو ئاكام راست دەرچووە، گوایە، گریمان، ئەو دەمانەی چەپكێ نێرگز و چەند تاڵی وەنەوشە لەناو گوڵدانی جوانیدا بگونجێنی، ئەوا هەر مورازێ لە سینەی خۆزگە بنێی، ئەوا ئۆخەی ئارامی و گوشاو ئاواتەكانت دێنێتەدی و بەرچاوانت بە پەلكەزێڕینەی نازدار ئاهەنگ بەند دەبێ، ئەی بۆ من چی دەڵێن؟ كە هەفتانە، ئەوە (1071) بە ژمارەی گوڵسەرانم بینی و چێژ لە گوڵانی، فەلسەفەو سیاسەت و كۆمەڵایەتی.... وەرگرت و بە زیادیشەوە، ئەدی چۆن چۆنی مورازی ساڵەهای ساڵی خۆم و قەومەكەم نایەتەدی، كە لەتەك گشت خونچە گەشانەوەیەكیدا، بە مۆرادنە شنەیەوە پەلی دڵمان دەگرێت بۆ سەر كانیاوە شەكراوەكەی خەون و خولیا هەمیشەییە هەرمانەكەمان، كە سبەینێی گوڵ گوڵیمانە، ئاییندەی سەرلەنوێ لەدایكبوونمانە؟!
ئەوا بیست و دوو ساڵی رەبەقە و گوڵانەكەمان سات بە سات ئەو خونچە سەرتۆپی بەیانی باشیەتی، لەتەك هەر چاوهەڵهێنانی گوڵێك لەم گوڵانی ئیرەمەدا، بۆن و بەرامەیەكی گوڵاوپژێنێ كە پێشتر بۆن نەكراوە، رووخسارێكی ئەوتۆی نێرگزەجاڕ و لالەزارەكانی هەموو دنیا حەیرانی دەبێ...
هەر كاتێ ئەو وشەی (گوڵان)ـە دەنگەزەنگی لە هەستما دەزرنگێتەوە، زایەڵەیەكی هێند بزوێنەرو ورووژێنەرو هەژێندەرە كە سەراپای هەستەكانم لە دووتۆی رۆخی رووباری سەربەرەو ژوورو سەربەرەوخواری تەمەن دا، هەمەجۆر لارولەنجەی (سیروان) ئاسا رەوت دەكات و شەپۆل سەردەخات، گوڵ ئەلبومی رۆژانمە، سەرەتا، سەرەتای پەنجاكانی سەدەی پێشوو بوو، ئەو كاتە ماڵمان لە شاری هەڵەبجە بوو، هەیوانی باڵەخانەكەمان بە رووی رۆژئاوادا دەیڕوانی، دەڵێن زەینی منداڵیی گەلێك روونە، هەر وەك یەكەم تاڵی گرنگی خۆری بەیانیانی نەوبەهارانە، هیچ گەردێكی تێدا بزر نابێ، لەو تەمەنەدا خووم بە سەیركردنی ئەو شوێنەی رۆژئاواوە گرتبوو، كە پێیان دەگوت (گوڵان) نەك هەر وەرزی، بەڵكو هەر رۆژ، رەنگێكی دەنواند، جگە لەوەی بەیانیان بەرگێكی دەپۆشی و نیوەڕوان جۆرێكی دیكەو دەمەوزەردەپەڕ تارایەكی دڵفڕیی جوانترهەوری سەری بوو، بەهاران شكۆفەی سپی و پەمەیی... لەگەڵ هەر دوا باران بارینێكدا تاجی شاهانەی پەلكەزێڕینەی لەسەر سەر دەنا، سەر دیوار كەوتووی حەوشە و چاوەچاوی كەپرە مێوی ماڵی خوداپێداوان... كە بیانەوێ و نەیانەوێ هەمووان لێی دەڕوانن و چێژی لێ وەردەگرن.
گوڵ و گوڵبازی هێمای ئەڤینداری و ژیان پەروەرییە، ئەوەتا (گۆران)ی لوتكە لە شیعری( گوڵی خوێناوی)دا فەرموویەتی:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم: زەردچەپكێ، ئاڵ چەپكێ
نایەم بۆ زەماوەند، نایەم بۆ هەڵپەڕكێ
بتدایە دڵ بە من، بە هەموو مەعناوە
دوو چەپكت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە
گوڵ و گوڵان سوومبولی خەون و خۆزگەیە، هەر وا بووە و هەر واش دەبێ، پاشان هێشتا وەكو لە رۆژانی مێردمنداڵیمدا بووم، خولیای شیعرو ئەدەبیاتی كوردی لە بیرو كەللەمدا تازە خەریكی پووش و پەڵاش دانانی هێلانە بوو، دەمبیست، كە (مەولەوی) پاشای شیعری كوردی لە سای بەكارهێنانی وشەی(گوڵ) دا چ گۆڕان و نوێكاری و وەرچەرخانێكی خولقاندووە، جاران شاعیران دەیانگوت: دەڵێی گوڵی.. یان تۆ گوڵی..
بەڵام ئەم فەرموویەتی:
گوڵ وەك تۆیە..
گوڵ چون رووی ئازیز نەزاكەت پۆشان
وەفراوان چون سەیلی دیدەی من جۆشان
راستە (گوڵان) دووەم مانگی بەهارەو هەواری گوڵانە، هەروەها چوار گوندی نازداریش بە ناوی(گوڵان) لە كوردستان هەبوو لە كاتی خۆیدا وێران كراون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو(گوڵان) ە واتایەكی پیرۆزی شۆڕشگێڕی لە فەرهەنگی خەباتی كورددا هەیە، كە (گوڵان) شۆڕشی بڕوابەخۆبوون و بەردەوامی شۆڕشی مەزنی (ئەیلوول) ەو پەیوەستە بە رەگ و ریشەی شۆڕش و هەستانەوەی كورد.. پیرۆز بێ و هەزارو یەك جار یادی بەخێر..
دیارە هەر كاتێ بە كەناری باخ و گوڵزارێكدا گوزەربكەی لەتەك سەڵەوات لێدان و تەحاتەحاكردندا، دەبێ رەحمەتبوویی لە گیانی باب و باوانی باخەوانانی گوڵانەكە بكەیت، لە سەرنووسەرەوە بۆ پاكی بەشداربووانی گۆڤاری(گوڵان)ی دڵان..
پیرۆزبێ جەژنی گوڵان، لەتەك جەژنی یادی (118) ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردیدا.
ئەحمەد سالار
