لە 3 رۆژدا 40 چەکداری حەشدی شەعبی لە خورماتوو کوژراون
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە خورماتوو رایگەیاند "بەدرێژایی شەوی رابردوو شەڕ بەردەوامبووە و پێكدادانی قوڕس لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی روویداوە، هێشتاش قەناسبەدەستەکان لەسەر باڵەخانەکانن و خەڵکێکی زۆریش شارۆچکەکەیان بەجێهێشتووە"، هەروەها گوتی "بە بەرچاوی ئێمەوە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-4-2016 سێ بۆ چوار خێزان ئێرەیان جێهێشت".
لەبارەی ئەو زیانانەی لەماوەی 3 رۆژی شەڕدا بەر چەکدارانی حەشدی شەعبی کەوتوون لەو شارۆچکەیەی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە گەمارۆدراوە، پەیامنێری رووداو دەڵێ "بەپێی ئەو ئامارانەی ئێمە توانیومانە پشتڕاستی بکەینەوە: تاوەکو ئێستا 40 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و 67 ی دیکەشیان بریندارن".
ئاماژە بەوەش دەدات ئەو کوژراو و بریندارانە لە نەخۆشخانەی کۆمارین، کە تەنیا دوو بەفرگری تێدایە و جێگەی هەشت تەرمی تێدا دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانرێت لەدەرەوەی خورماتووەوە یارمەتی بە چەکدارانی حەشدی شەعبی بگەیەندرێت، چونکە خورماتوو بە هێزەکانی پێشمەرگە دەورەدراوە.
رووداو
