کونسوڵی گشتی ئەمریکا داوا دەکات دۆخی خورماتوو هێور بکرێتەوە

 کونسوڵی گشتی ئەمریکا داوا دەکات دۆخی خورماتوو هێور بکرێتەوە
کونسوڵی گشتی ئەمریکا داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی خورماتوو دەکات، پابەندی ئاگربەستبن لەو شارۆچکەیە و راشیگەیاند" دەمانەوێت عێراقێکی یەکگرتوو ببینین و عێراقییەکانیش تیشک بخەنە سەر شەڕی داعش".

ماتیاس میتمان، کونسوڵی گشتی ئەمریکا، لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە شارۆچکەی خورماتوو، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " راپۆرتی تووندوتیژییەکانی خورماتوومان بینیووە، داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەروەها داوا لە هەردوولا دەکەم، دۆخەکە هێوربکەنەوە و پابەندبن بە ئاگربەست و پشتگیری چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی خورماتوو دەکەین."

کونسوڵی گشتی ئەمریکا راشیگەیاند" دەمانەوێت عێراقێکی یەکگرتوو ببینین، دەمانەوێت هەموو عێراقییەکان تەنانەت عێراقییەکانی، کە لێرە دەژین تیشک بخەنە سەر شەڕی داعش، چونکە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ گەلانی ئەم وڵاتە".

رۆژی دووشەممە 25-4-2016 لە خورماتوو لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، هاونیشتمانییەك شەهید و 17 پێشمەرگە و هاونیشتمانی دیكەش برینداربوون.

شەوی 23-4-2016 شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لە خوورماتوو هەڵگیرسا، لەو شەڕەدا 11 پێشمەرگە و هاونیشتمانی کورد شەهیدبوون و بەپێی ئامارەکانیش 25 چەکداری حەشدی شەعبیش کوژراون.
Top