شه‌ڕه‌كه‌ی خورماتوو به ئاگربه‌ست كۆتایی هات
دوای نزیكه‌ی 20 كاتژمێر شه‌ڕو پێكدادانی توند له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌خورماتوو، ئاگربه‌ست له‌نێوان هه‌ردوولا راگه‌یه‌ندراو ته‌واوی لایه‌ن و پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ش داوای چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ دۆخی ئه‌و قه‌زایه‌و دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی شه‌ڕو رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توند دروست ده‌بێت و پێشتریش چه‌ندجارێك رێككه‌وتن كراوه بۆ رێگرتن له‌دروستبوونی گرژی‌و ئاڵۆزی له‌و قه‌زایه، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوون پێیانه‌وه وایكردووه شه‌ڕو نائارامی به‌رده‌وام بن، تادواجار جارێكی دیكه‌ش دۆخی خورماتوو ته‌قییه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ خه‌ندانی راگه‌یاند كه فڕێدانی نارنجۆكێك بۆ ناو ماڵی ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانییه‌وه، سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌و شه‌ڕه نوێیه بوو كه شه‌وی رابردوو دهستیپێكردو به‌درێژایی ئه‌مڕۆ شه‌ڕی كۆڵان به‌كۆڵان زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی قه‌زاكه‌ی گرته‌وه.
به‌پێی ئاماره رۆژنامه‌وانییه‌كان، له شه‌ڕو رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی له خورماتوو كه تائێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بوو پێنج ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌یه‌ك و دوو كه‌سی مه‌ده‌نی شه‌هیدبوون، كه له‌ناویاندا عه‌مید سیروان شه‌قڵاوه‌یی جێگری لیوای 5ی چه‌مچه‌ماڵی بهرگریو فریاكه‌وتن هه‌یه و له‌نزیك سایلۆی خورماتوو به‌چه‌كی قه‌ناس شه‌هیدكرا.
دوای توندبوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌چه‌كی قورسه‌وه به‌ره‌و خورماتوو جوڵه‌یان پێكرا، هاوكات هادی عامری و به‌رپرسانی دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كورد چوونه ناوچه‌كه و دواجار ئاگربه‌ست راگه‌یه‌ندرا.
له‌پرێس كۆنفرانسێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوك، هادی عامری ئاگربه‌ستی له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی راگهیاندو وتی:"له‌گه‌ڵ برایانی پێشمه‌رگه، هه‌وڵێكی زۆرمان خسته‌گه‌ڕ تا شه‌ڕ رابگیرێت‌و كار بۆ رێگرتن له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كان بكرێت".
پارێزگاری كه‌ركوكیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و شه‌ڕه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نییه، هه‌ربۆیه بڕیاردراوه بهرلهتهشهنهكردنی بگیرێت و چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ بدۆزرێته‌وه.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم جه‌ختیشی له‌سه‌ر لێكتێگه‌یشتنی ته‌واوه‌تی كرده‌وه له‌گه‌ڵ وه‌فدی حه‌شدی شه‌عبی بۆ به‌رگرتن لهئاڵۆزییهكان، به‌پێویستیشی زانی"ئاژاوه‌گێڕه‌كان له‌قه‌زای خورماتوو دووربخرێنه‌وه"وهێزێكی پۆلیسی هاوبه‌ش لهكوردو توركمان‌و عه‌ره‌ب بۆ پاراستنی ئاسایشی قه‌زاكه دروستبكرێت.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م شه‌ڕی سه‌ختی نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی نییه له‌خورماتوو، به‌ڵكو له‌مانگی 11ی 2015 بارودۆخه‌كه به‌ته‌واوی ته‌قییه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداریی له‌نێوان حه‌شدو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه چه‌ندین كوژراو و برینداری له‌هه‌ردوولا لێكه‌وته‌وه‌و بۆماوه‌ی 5 رۆژ گرژی و ته‌قه‌كردن له‌و قه‌زایه به‌رده‌وام بوو، هاوكات ده‌وام له‌خوێندنگاو زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان راگیران و ده‌یان دوكان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌شده‌وه سوتێنران.
ئه‌وكات دوای ئه‌و شه‌ڕو پێكدادانه چه‌ندین كۆبوونه‌وه له‌نێوان به‌رپرسانی كورد‌و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌نجامدرا و چه‌ندینجار رێككهوتنو كۆتایی هاتنی شه‌ڕ راگهیهندار، به‌ڵام به‌رده‌وام كورد حه‌شد تۆمه‌تبار ده‌كرد به پابه‌ند نه‌بوون به رێككه‌وتنه‌كان، هه‌ربۆیه ئێستا ته‌واوی پێكهاته‌كانی قه‌زاكه داوای چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌كانی خورماتوو ده‌كه‌ن بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕو پێكدادان.
وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی به‌پێویستی ده‌زانێت ئه‌مجاره به‌شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی دۆخی خورماتوو چاره‌سه‌ربكرێت‌و ده‌ڵێت"ته‌نگژه‌كانی پێشوو له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستادا وه‌ك ئاگری ژێر خۆڵه‌مێشه".
كه‌ریم نوری، وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی بۆ خه‌ندان باسی له نه‌خوازراوی دۆخی ئێستاكرد و وتی"پێویسته په‌له بكرێت له ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌و به هه‌موو لایه‌ك كار بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش و ئارامی بكرێت بۆ شاره‌كه، په‌نابردنه‌به‌ر چهكو تانك و هه‌مه‌ر ره‌تده‌كرێته‌وه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نییه‌و نابێته مایه‌ی چاره‌سه‌كردنی دۆخه‌كه".
وته‌بێژه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌پێویستی زانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه هۆكاری سه‌ره‌كی دروستكردنی ته‌نگژه‌كه بوون، سزابدرێن‌و به‌پێی یاسا لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت"كه‌سیش تاوانبار داڵدهنهدات".
دانیشتوانی خورماتوو لهكوردو توركمانی شیعه‌و سوننه‌و عه‌ره‌بی شیعه و سوننه پێكهاتوون‌و هاوڕان له‌وه‌دا كه شه‌ڕی نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی زیانی بۆ هه‌مووان هه‌یه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی داعشه، هه‌ربۆیه داوای ئاسایی كردنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی دۆخی ئه‌و قه‌زایه ده‌كه‌ن كه له رووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه و ده‌كه‌وێته سنوری ماده‌ی 140ی عێراق و ناوچه‌یه‌كی كێشه‌له‌سه‌ره له‌نێوان كورد‌و به‌غدا.
