دیپلۆماتێکی ئەمەریکی: کوردی رۆژئاوا نازانن چییان دەوێ
لەبارەی سەردانی ئەم دواییەی ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پەیەدە بۆ ڕووسیا، ئاژانسی سپوتنیکی ڕووسی پرسیاری لە ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە دیمەشق کردووە و فۆرد ڕای گەیاندووە کە ئەوان دیار نییە چییان دەوێ، بۆیە ئێمە ناتوانین ھیچیان بۆ بکەین.
فۆرد ئاماژە بەوە دەدات کە پەیەدە جاری وایە فیدراڵی ڕادەگەیەنێ و دەمێک ڕەتی دەکاتەوە و باسی یەکگرتوویی سووریا دەکات، بەو شێوەیە پەیامیان دیار نییە و نازانن چییان دەوێ، بۆیە ئەمەریکاش نازانێ چییان بۆ بکات.
ھەروەھا دەڵێ : لایەنە کوردییەکانی سووریا پێکەوە نین، ئەمەش گرفتێکی دیکەیە.
ھەرلەو بارەیەوە و لە لێدوانێکدا بۆ ھەمان سەرچاوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، کە لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە لە گفتوگۆکانی جنێڤ، دەڵێ: "ئەگەر پەیەدە ھەموو پەیوەندییەکانی بە یەکجاری لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ببڕێت، ئەوان ئامادەن داوا لە لیژنەی باڵای گفتوگۆکان بکەن کە پەیەدەش بچنە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنەوە و بەشداریی گفتوگۆکانی داهاتووی جنێڤ بکەن".
باسنيوز
