دوازانیاریی لەبارەی دۆخی خورماتووەوە

 دوازانیاریی لەبارەی دۆخی خورماتووەوە
لە شارۆچکەی خورماتوو شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی‌شەعبیدا بەردەوامە و، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش لەو سنوورە دەڵێت، تاوەکو دەستوەردانی دەرەکی بەردەوام بێت، چارەی ئەو کێشەیە ئەستەمە.

سەرچاوەیەک لە لیوای 16ـی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "شەڕ لە خوماتوو بەردەوامە و، عەمید(سیروان شەقڵاوەیی) و پێشمەرگەیەک شەھید بوونە و دووپێشمەرگەی دیکەش بریندار بوونە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانیشمان، چوار چەکداری حەشدی‌شەعبیش کوژراون."

ئەم زانیارییەی ئەو سەرچاوەیە لە کاتێکدایە، کە سەرچاوەکانی هەواڵ، دەربارەی زیانەکانی ‌حەشدی‌شەعبی دەڵێن، له‌ شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا، 12 چەکداری حەشد لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵکی خوورماتوودا کوژراون.


ئەو سەرچاوەیەی کە نەیویست ناوی ببرێت، گوتیشی، هەرچی کوردا هەیە لە خورماتوودا، ئێستا ھەمووی چەکی ھەڵگرتووە و رووبەڕووی کارە ناڕەوا و دەستدرێژییەکانی حەشدی‌شەعبی بوونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ھۆکاری شەڕەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، شەوی ڕابرد، حەشدی‌شەعبی نارنجۆکێکیان خستووەتە ناو ماڵی پێشمەرگەیەکەوە، دواتر کورد وەڵامی ھەبووە، بۆیە ئەوانیش بە چەکی قەنناس عەمید(سیروان شەقڵاوەییان) لە ناو سایلۆیەکە شەھید کردووە.
سەرچاوەکە گوتیشی، بوونی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی وەکو ئاگر و بەنزین وایە، بۆیە ھەمووکات حەشدەکان تەقە لە خەڵکی دووز دەکەن و، پێشمەرگەش ئەمە قەبووڵ ناکات.
ھەروەھا گوتی، چەندین دانیشتن کراوە، بەڵام حەشدی‌شەعبی یەک گرووپێک و دووان نین و زۆرن، بۆیە چارەکردنی ئەو کێشەیە زەحمەتە ، هەڵبەتە تەنیا سیاسییەکانن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی بتوانن ئەو کێشەیە چارە بکەن.

لای خۆیەوە جێگری فەرماندەی لیوای16ـی ھێزی پێشمەرگە(بارزان ئەحمەد خاڵە)، راگەیاند، "ھۆکاری ئەوکێشانە زیاتر بۆ بوونی دەستی دەرەکی لەو ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە، بۆیە زۆر زەحمەتە بتواندرێت ئەو کێشەیە چارە بکرێت و، پێم وایە کە بەردەوام دەبێت."
(بارزان ئەحمەد خاڵە) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە، هێشتا شەڕەکە بەردەوامە و، ھێزی پێشمەرگە خەڵکی کوردستان دەپارێزێت لەحەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی پێشمەرگە و خۆبەخشانی کورد، چەند باڵاخانەیەکیان دەستبەسەردا گرتوون، کە تا دوێنێ، بارەگای چەکدارانی حەشدی‌شەعبی بوون.




KDP
Top