لە 9 ناوچەی باشووری کوردستان و عێراق هێرشكرایە سەر داعش
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆژی شەممە 23-4-2016 راگەیێندراوێکی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەو هێرشە ئاسمانییانەدا كە لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا بۆسەر پێگەکانی داعش لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای كوردستان، عێراق و سووریا ئەنجامدراون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، فڕۆکەکانی سەر بە هاوپەیمانان 20 هێرشیان لە نزیک ناوچەکانی بەغدادی، قائیم، بێجی، فەللوجە، هیت، کەرکووک، موسڵ، گەیارە و تەلعفەر لە عێراق ئەنجامداون، لەو هێرشانەدا ژمارەیەک یەکەی تەکتیکی سەر بە چەکدرانی داعش و، ژمارەیەک شەڕگە، پێگەی هەڵدانی مووشەک، ژمارەیەک تونێل و، عەمباری چەک و چەکی قوڕس کراونەتە ئامانج.
لە هێرشەکانیشیاندا بۆسەر پێگەکانی داعش لە سووریا، فڕۆکەکانی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 10 هێرشیان لە نزیک ناوچەکانی ئەلبوکەمال، هۆلێ، رەقە، دێرەزۆر، منبەج، مارع و واشیە لە سووریا ئەنجامداون، بەهۆیانەوە ژمارەیەک یەکەی تەکتیکی سەر بە چەکدرانی داعش و، کارگەیەکی چەک، خاڵێکی پشکنین، ژمارەیەک شەڕگەو ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کراونەتە ئامانج.
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە مانگی ئابی 2014 هێرشی ئاسمانی دژ بە بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجام دەدات.
ستیڤن وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممە 29-3-2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند "تێچووی هەر رۆژێکی گورزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق وسووریا دەگاتە 11 ملیۆن دۆلار".
