هەوڵەكانی دادگاییكردنی فرۆشیارانی چەكی كیمیاوی بەسەدام بەردەوامە
لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی رایگەیاند "یەكێك لە ئامانجەكانمان رووبەڕووبوونەوە و بەسزا گەیاندن و دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەیە كە مادەی كیمیاویان بەرژێمی پێشووی عێراق داوە و ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە كیمیابارانكردنی خەڵكی كوردستاندا".
لوقمان عەبدولقادر گوتی "خۆشبەختانە ئێمە پێش چەند ساڵێك توانیمان دەستەیەك پارێزەری نێودەوڵەتی بدۆزینەوە كە پێشینەیەكی باشیان هەیە لە بواری سكاڵای نێودەوڵەتی و توانیویانە سەركەوتنی باش بەدەست بهێنن، ئێمەش پەیوەستنامەیەكمان لەگەڵ واژۆكردن بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی بەشداربوون لە پێدانی مادەی كیمیاوی بەرژێمی پێشووی عێراق، دوای ماوەیەك لەكاركردن توانیان زانیاری تەواو لەسەر 27 كۆمپانیای چەند وڵاتێك بەدەست بهێنن كە بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتانەی لای ئەوانە مادەی كیمیاویان بەعێراق فرۆشتووە".
بەگوێرەی ناوەڕۆكی پەیوەستنامەی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و دەستەی پارێزەرانی نێودەوڵەتی، دوای بردنەوەی سكاڵاكان، ئەو قەرەبووەی بۆ سكاڵاكارانی دۆسیەكە تەرخان دەكرێت 40%ی دەدرێتە دەستەكە و 60%ی قەرەبووەكە دەدرێتە قوربانیانی سكاڵاكار، لەبری هەموو ئەو ئەركانەی دەستەكە لە دۆسیەكەدا دەیكێشێ.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی گوت "هەر وڵاتێك كۆمەڵێك یاسای تایبەت بەخۆی هەیە و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەسەر هەر كۆمپانیایەك رێوشوێنی تایبەتی پێویستە، بۆیە ئەو دەستەیە بۆ ئەوەی بتوانن سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار بكەن، پێویستە پاڵپشتیەكی یاساییان هەبێت لە ناوخۆی عێراق یان هەرێمی كوردستان تا ئەو كۆمپانیایانە تاوانبار بكرێن ئەگەر بەنائامادەییش بێت".
گوتیشی "بۆ دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیایانەش لەماوەی رابردوودا پرۆژەیاسایەكی تایبەتمان دایە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی تا لەڕێیەوە ئەو كۆمپانیایانە دادگایی بكرێن و تاوانەكە بخرێتە پاڵیان و پاشتر پشت ئەستوور بەو تۆمەتباركردنە بتوانین لەدادگا نێودەوڵەتیەكاندا سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بكەین".
بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، تا ئێستە ناوی 450 كۆمپانیای چەند وڵاتێكی جیاواز وەك تۆمەتبار لە دۆسیەی فرۆشتنی مادەی كیمیاوی بەرژێمی پێشووی عێراق ناویان هاتووە و لەو چوارچێوەیەدا دەستە دادوەریەكە زانیاری تەواوی لەسەر 27 كۆمپانیا بەدەست هێناوە، كە زۆرترینیان كۆمپانیای فەڕەنسین و ئەو وڵاتەش سكاڵای سەر كۆمپانیاكانی پەسەند كردووە، تەنانەت وردەكاریی گرێبەستەكانی نێوان ئەو كۆمپانیایانە و حكوومەتی عێراقیان دەستكەوتووە بۆ چۆنیەتی گواستنەوەی ئەو مادە كیمیاویانە بۆ عێراق.
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی "ئەو كاتەی پەرلەمان بەردەوام بوو لەسەر كارەكانی ئێمە ئەو پرۆژە یاسایەمان دایە پەرلەمانی كوردستان، پێش ئەوەش لەگەڵ سەندیكای پارێزەران گفتوگۆمان كرد، بۆ ئەوەی بتوانین پەلە بكەین لە دەركردنی ئەو یاسایە بۆ پێكهێنانی دادگایەكی تایبەتمەند بەدادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا تۆمەتبارانە و سزادانیان ئەگەر بەشێوەیەكی غیابیش بێت، تا بەرنامەی ئەو دادگاییكردنانە بتوانرێ لە دادگا نێودەوڵەتیەكاندا سكاڵا لە دژیان بجوڵێنرێ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دروستبوونی ئەو بارودۆخەی بووە هۆی پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو یاسایەش پەسەند نەكرا و كارەكانی دادگاییكردنی كۆمپانیا تۆمەتبارەكان وەستاوە".
باسنيوز
