وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 3ی ئەو وەزارەتانە ڕاگەیاندرا کە تائێستا مووچەیان پێ نەدراوە

 وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 3ی ئەو وەزارەتانە ڕاگەیاندرا کە تائێستا مووچەیان پێ نەدراوە
بڕیاروایە ھەفتەی داھاتوو، مووچەی مانگی 3ی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە دابەش بکرێت کە تائێستا دابەش نەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەنجینەی ھەرێمی کوردستان کە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لیستی مووچەی زۆربەی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە وردبینی تێدا کراوە کە تا ئێستا مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە. گوتیشی: ”هەفتەی داهاتوو چەکی مووچەکانیان پێ دەدرێت و مووچەکانیان دابەش دەکرێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی، بە خشتەیەک دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە مووچەیان پێ نەدراوە.


لەمبارەیەوە عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ھەفتەی داھاتوودا بەردەوام دەبن لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی دارایی دەکەن، بۆ پێدانی چەکی مووچە بە فەرمانگەکان.

تاوەکو ئێستا، ھەریەک لە وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، ئاسایش، پەروەردە، تەندرووستی، دارایی و ئابووری، کاروباری شەھیدان‌ و ئەنفالکراوان، سامانە سرووشتییەکان و پلاندانان)، لەگەڵ (دەزگای مین، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، دەستەی ژینگە، دەستەی دەسپاکی، دەستەی وەبەرھێنان، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان)، مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرتووە.
Top