"زۆریی متمانە بە سەرۆك بارزانی، یەكهەڵوێستیی كوردستانیانی لێ كەوتەوە"

سیاسەتوانێكی كوردستان دەڵێت، لە بەغدا سەركردایەتییەكی باوەڕپێكراو و خاوەن ئەزموون نییە كە پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام لە كوردستاندا، بوونی (سەرۆك بارزانی) و ئەو ئەزموونە درێژەی هەیەتی، وای كردووە خەڵكانێك و وڵاتە زلهێزەكانی دنیایش بە چاوێكی دیكەوە سەیری كوردستان بكەن.


(عەبدولسەلام بەرواری)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان لە سۆنگەی ئەو جەنگە دەروونییەی كە لە ساڵانی رابردووەوە تا ئێستایش بەردەوامی هەیە و بەرانبەری بەرپا كراوە، خۆڕاگر بووە و، ئەو جەنگەیش نەیانتوانیوە كاریگەریی لەسەر یەكڕیزی و یەكگوتاری خەڵك هەبێت، رەنگە نەوەی پاش (2003) پێویستی بەوە هەبێت ئێمە وەك نەوەی كۆن هەموو ئەو قۆناغانەی كە لە كوردستان و لە ڕێبازی ئازادیخوازی كوردستاندا پێیدا تێپەڕ بووین، بۆیان شی بكەینەوە و ئاشنایان بكەین، چونكە ئەوەی ئێستا بەسەر كوردستاندا تیدەپەڕێ، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی پرسیاری زەحمەت دەبنەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی خۆیان، بەڵام میللەتی كورد یەكەم جاری نییە، كۆتا جاریش نابێـت ڕووبەڕووی تەنگژە و قەیران ببێتەوە".

(بەرواری) گوتیشی: "ئێمە ئەگەر ڕۆژانی ڕابردووی بۆردوومانكردنی شار و لادێكانمان و گرتن و كیمیاباران و ئەنفال بەراورد بكەین، ئێستا ژیان زۆر ئاسانترە، بۆیە باوەڕییەكی تەواومان هەیە میللەتی ئێمە میللەتی خۆڕاگرن، دەزانین مافمان لێ سەندراوە و شتەكانمان بە ئاسانی نایەنە بەردەست."
دەشڵێت: "ساڵ و نیوێكە مووچە لەلایەن بەغداوە بڕاوە، جگە لەوەیش شەڕی داعش درێژەی هەیە و داهات كەم بووەتەوە، بۆیە ئەگەر بێت و ژیان لە كوردستان بەراورد بكەین لەگەڵ وڵاتێكی تر، لەوانەیە ئاساییشی نیشتیمانییان تێك چووبا، بەڵام خەڵكی ئێمە خۆڕاگرن و بەرگەیان گرتووە، زیاتریش ئەوەی وایان لێدەكات خۆ بەدەستەوە نەدەن و بەردەوام بن لە هەڵوێستیان، بۆ ئەم مێژووە درێژە دەگەڕێتەوە كە هەمانە، هەروەها متمانەی خەڵك بە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان و بە تایبەتی جەنابی (سەرۆك بارزانی)، وای كردووە كوردستانیان یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن."

ئەو سیاسەتوانە، هەروەها گوتی: "ئێمە ئەگەر خۆمان بەراورد بكەین بە بەغدا، لەوێ كە كەمترین یان بچووكترین كێشە هەبێت، دەگاتە لێواری ڕووخان لەبەر ئەوەی لە بەغدا سەركردایەتییەكی باوەڕپێكراو و خاوەن ئەزموونیان نییە كە بتوانرێـت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام لە كوردستاندا، بوونی (سەرۆك بارزانی) و ئەو ئەزموونە درێژەی هەیەتی، وای كردووە خەڵكانێك و وڵاتە زلهێزەكانی دنیا بە چاوێكی دیكەوە سەیری كوردستان بكەن، هەر لە هەڵوێستی سیاسی لە بەغداوە بیگرە تا دەگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و قەیرانی دارایی، هەرچەندە هەندێك خەڵك و هێزی ناوخۆیش، پێیان وابوو بچووكترین كێشە وا دەكات كورد هەڵوێست دژی یەكتری وەربگرن، بەڵام ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا ڕووی دا، سەرەڕای ناكۆكییەكانی ناوخۆ، دیتمان هەڵوێستەكە چاوەڕوانكراو بوو و خەڵكیش چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد لایەنە سیاسییەكان یەكهەڵوێست بن و نەبنە ئامرازێك لە دەستی ئەم لایەن و ئەو لایەن، دواجاریش زۆریی متمانە بە سەرۆك بارزانی، یەكهەڵوێستیی كوردستانیانی لێ كەوتەوە".
Top