پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (١١٨)ەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردیی
لە(١١٨)ھەمین ساڵوەگەڕیی جەژنی رۆژنامەگەریی کوردیدا ھەست بە شانازی و گەورەیی ھزروقەڵەمی بیرمەندورۆشنفکرانی کورد دەکەین، ئەوانەی قۆناغ بە قۆناغ بنەمایەکی راستەقینەو پڕبەخششیان لە بواری رۆژنامەوانی و کوولتووری داڕشت و پەرەیان پێداو درکیان بەرۆڵ و گرنگی بواری رۆژنامەوانی کرد لە شۆڕش وسەرھەڵدان و رابوونی شارستانێتی و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی رۆشنبیریی و کولتووری پێکەوەژیان دا، ھەروەھا شوناسی نەتەوەیی وکێشەی کوردوئامانجەکانیان بە دەوروبەروجیھان گەیاند.
رۆژنامەوانانی بەڕێز....
کاروانی نەسرەوتووی رۆژنامەوانی کوردیمان رێگایەکی سەخت و دژواری بڕیوە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە فەرھەنگیی و رۆژنامەوانیەکانیدا، رووبەڕووی جۆرەھا کۆسپ و بەربەست بووەتەوەوکۆڵی نەداوەو ھەر بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، بۆیە مایەی شانازیمانە کە ئەو کاروانە رۆشنبیرییە خاوەنی دەسکەوتێکی زۆرەو بە قوربانیدانێکی مەزنیشەوە بەردەوام بووە، ھاوزەمان رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی شانبەشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیماندا زەوینەیەکی لەباری رەخساند بۆ ھۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەریدا، لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات داو ھەردەم سەنگەری رۆژنامەگەریی چەکی بەرگری و ھۆشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆیەکی راستەقینەو بوێری شۆڕش وراپەڕینەکان بووە.
رۆژنامەی(کوردستان) وەک یەکەمین رۆژنامەی کوردیی، لەرووی دەوڵەمەندکردنی بیری نەتەوەیی و سیاسیدا رۆڵێکی پێشەنگی ھەبوو، بەو پێیەی کەسانی پێشەنگی رۆژنامەگەریی کوردی، رۆشنبیرومیدیاکار بوون، ھەروەھا رۆژنامەکە گرنگی دەدا بە بواری رۆشنبیریی و ئەدەبی و زمان و مێژوو، مایەی شانازی نەتەوەییەمانە، کە بەسەر لاپەرەکانیدا سەردەمێکی تازەی لە کرانەوەوگەشانەوە خستەسەر پشت، گوزارشتی لە کێشەی گەلێکی بەشمەینەت دەکرد.
ئەو ھەوڵە مەزنە بناغەیەکی مێژوویی بۆ تەلاری رۆژنامەگەریی کوردیی داناو وەک پردێکی رۆشنبیریی وابوو لە نێوان کوردستان و وڵاتانی دیکە، رۆژنامەی کوردستان ھەر لەسەرەتای دەرچوونیەوە گرنگی دابوو بە کێشە چارەنووسازەکان و رۆژنامەوانیش بوو بەو مینبەرە جیاودیارەی رۆشنبیرانی کورد بۆ دەرخستنی خواست وویست ودەردەسەری رۆڵەکانی گەلەکەیان، ھەروەھا ھێزێکی تازەیشی بەخشیە ژیانی رۆشنبیریی کوردیمان، بۆیەش پاشان بووە ھۆکارێکی بنەڕەتی گەشەکردن ونوێبوونەوەوسیستمازەکردنی بواری پیشەیی و ئەدەبی و فەرھەنگی.
ئەمڕۆش لەسایەی راپەڕین و دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و حوکمڕانیی ھەرێم و ئازادی و دیموکراسی و فرەرەنگی لەھەموو بوارەکاندا، جارێکی دیکەو بە سیستماتیزەکردنی لەرووی یاسایی و دەستووریەوە، رۆژنامەگەریی کوردیی بە گوڕوتینێکی زۆروبەربڵاوانەتر لە ھەر سەردەم و قۆناغێکدا لە مەیدانەو رۆڵی شیاووئەرێنی خۆی دەگێڕێت، کە زەوینەودەرفەتی ئازادی بیروڕاورادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەریی فەراھەم کراوەو بە دەیان و سەدان دەزگاوکەناڵ و بڵاوکراوەی ھەمە جۆروھەمەرەنگ ھەن لەسەر گۆڕەپانەکە کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش وادەخوازێ رۆژنامەنووسان و رۆژنامەگەریی کوردیی پەیامی راستەقینەی خۆیان ھەمیشە لەبەرچاو و بیر بێ، رۆژنامەوانان بەرپرسیارانە لە ھەمان سەنگەری نیشتیمانپەروەریدا بجەنگن و رۆڵی زێدە کاریگەری خۆیان بگێڕن لە رووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕ و رەوتی توندڕۆیی و توندوتیژی و تیرۆر بە گشتی، ھەروەھا بۆ پیادەکردنی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و داکۆکیکردن لە کێشە رەواکان و دیاردە ئەرێیەکان و رەچاوکردنی راستییەکان و مسداقیەتی کاروچالاکیەکانیان.
راستیەکی حاشاھەڵنەگرە، کە ئێستا رۆژنامەگەریی کوردیی سەبارەت بە ساڵانی پێشتر پێشکەوتنی زیاتروچاکتری بەخۆوە بینیوەوکاریگەری باشتری ھەیە بەسەر سەرجەم بوارەکاندا ئەمەش بۆ بارودۆخی سەقامگیریی سیاسی ھەرێم و ئەو فەزا کراوەیەی کاریی میدیایی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوئامرازەکانی دیکەی گەیاندن و پەیوەندیکردن لەوانەش تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەگەڕێتەوە، بۆیەش پێویستە بەو ئاراستەیە بەردەوام بێت و بەرفراوانتر کاریگەری زیاتر وئەرێیانەتر بێت و زیاتر ئەو دەسکەوتانە بپارێزرێن و بنەماو بناغەکانی ئەو ئەزموونە پتەوتربکرێن.
لە یادی رۆژنامەگەریی کوردیدا وێرای پاڵپشتی تەواومان بۆ پرەنسیپ و ئەخلاقیاتی راست و دروستی رۆژنامەوانیی و ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە پێویستە دەسەڵاتی رۆژنامەوانیی بەرپرسیارانە و زیاترو چاکتر ئەرکی راستەقینەی خۆی ئەنجام بدات و دەروازەی ئازادی رادەڕین واڵاتر بکرێ بۆ رەخساندنی بواری کاری رۆژنامەوانیی بەپێی بنەماوپرەنسیپە گونجاووھەرەپێشکەوتووەکانی دنیا و کەمکردنەوەی گیروگرفت وکەموکوڕیەکان و نەھێشتنی دیارە دزێو و پێشێلکاریەکان.
لە جەژنی رۆژنامەگەریی کوردیدا، سڵاوورێز بۆ خانەوادەی بەدرخانییەکان و گشت ئەو پێشەنگە ماندوونەناس و خەباتکارە نادیارانەی رێگەی رەسەنی کوولتوریی و رۆژنامەوانیی و وشەی شیرینی کوردی...
بەرزو شکۆدار بێت رۆژنامەی(کوردستان)و ساڵیادو جەژنی رۆژنامەگەریی کوردیی...
دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١/٤/٢٠١٦
