سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
لە دیدارەکەدا جێگری کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەکە ھەروەھا ستاییشی سەرکردایەتیکردنی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی پێکھاتەکان و بە سەرنجڕاکێشی وەسف کرد. ھەروەھا ڕاشیگەیاند کە جیھان ئەو پێشوازییەی گەلی کوردستان لەبیر ناکات کە سەرباری بوونی تەحەدیاتی ئەمنی و ئابووری لە ئاوارە و لێقەوماوان کردوویەتی. جێگری کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ئاماژەدان بە نەھامەتییەکانی گەلی کوردستان و عێراق، ھێمای بەوەدا کە بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق، کوردستان مەودایەکی بەرینە بۆ ئومێد و کەرامەتی مرۆڤ. ھەروەھا پێزانینی ھەبوو بۆ ئەوەی کوردستان لەسەر بنەمای لێبوردەی و دادپەروەری و پاراستنی یاسا و مافی مرۆڤ بنیات نراوە و جێگەی خۆشحاڵیی کۆمەڵگەی جیھانییە کە کوردستان تەنانەت لە چرکەساتەکانی شەڕ و تاریکی و سەختیشدا پابەندی پڕەنسیپە مرۆڤییەکانە، ھەر ئەو ڕەفتارەیش خۆی لەخۆیدا وەڵامێکی کاریگەرە بۆ ئەوانەی زوڵم و کارەساتیان دەرھەق گەلی کوردستان ئەنجامداوە.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و باسی لەو نەھامەتییانە کرد کە لە مێژووی عێراق و لە کاتی پەلاماری تیرۆریستان بەسەر خەڵکی کوردستاندا ھاتووە و ڕایگەیاند کە گەلەکەمان مافی پێشێل کراوە بۆیە زۆر بە باشی لە مانای ماف و پاراستنی مرۆڤ دەکات و جەختیشی کردەوە کە نەھجی کوردستان لە کاتی شەڕ و ئاشتی و ململانێکاندا پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە تیمە نێودەوڵەتییەکانی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ کرد و بە پێویستی زانی ئامۆژگاری و بیروبۆچوون و تێبینییەکانیان لەبارەی پێشێلکارییەکان بەھەند وەربگیرێن و بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. ھەروەھا ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو کە کوردستان ئومێدی بە کار و چالاکیی ئەوان ھەیە و ئامادەی ھەموو جۆرە ھەماھەنگی و ھاوکاریی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و داوایشی کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەر جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ ئاگادار بکەنەوە.
بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی ئاوارەکان و چۆنییەتی یارمەتیدان و ھاوکاریکردنیان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و تێیدا سەرۆک بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند کە گەلی کوردستان سەرباری بوونی شەڕ و کێشەی زۆر یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارەی بە ئەرکێکی مرۆڤی و نیشتیمانی زانیوە و حکوومەتی عێراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەک پێویست ھاوکاریی ھەرێمیان نەکردووە لە یارمەتیدانی ئاوارەکاندا.
