وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا: ئەو 415 ملیۆن دۆلاره‌ی دابین كراوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دەگاتە هەرێمی كوردستان

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا: ئەو 415 ملیۆن دۆلاره‌ی دابین كراوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە  ئه‌م هه‌فته‌یه‌ دەگاتە هەرێمی كوردستان
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایده‌گه‌یێنێت "مه‌رجی له‌سه‌ر ئه‌و 415 ملیۆن دۆلاره‌ داناوه‌ كه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بڕیاریدا بیبه‌خشێت به‌ پێشمه‌رگه‌ و گرنگترینیان به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ و هه‌بوونی شه‌فافییه‌ته‌ له‌ چۆنیه‌تی سه‌رفكردنی پاره‌كه‌دا".

ماسیو ئاڵن، گووته‌بێژی نووسینگەی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا، له‌ دیدارێكی تایبه‌تدا كه‌ رووداو به‌ ئیمه‌یڵ له‌گه‌ڵیدا سازیكرد، رۆژی سێشه‌ممه 19-4-2016‌ ئه‌م زانیارییه‌ نوێیانەی له‌باره‌ی كۆمه‌ككردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ راگه‌یاند كه‌ به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دا‌به‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ نه‌یانتوانییوه‌ مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا وه‌ربگرن".

گووته‌بێژی نووسینگەی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا، رایگەیاندووە: "وه‌كو وه‌زیری به‌رگری كارته‌ر رۆژی ١٨ ی نیسان رایگه‌یاند، ئێمه 415 ملیۆن دۆلار یارمەتی دارایی ده‌به‌خشینه‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌م هێزانه‌ له‌ كاریگه‌رترین ئه‌و هێزانه‌ن كه‌ دژی داعش جه‌نگاون و گرنگ ده‌بن له‌ گرنته‌وه‌ی موسڵدا".

سه‌ركردایه‌تی كورد پێشتر رایانگه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر بێتوو هاوكاری پێویستی سه‌ربازی و داراییان بۆ دابینكرێت ئه‌وا ئاماده‌ن به‌شداربن له‌ گرتنه‌وه‌ی موسڵدا، شارێك به‌هۆی نزیكییه‌وه‌( كه‌ كاژێرێك به‌ ئۆتۆمبیل له‌ هه‌ولێر دووره‌) واده‌كات بوونی داعش تیایدا هه‌ڕه‌شه‌بێت بۆ سه‌ر كوردستان.

ماسیو ئاڵن رایگه‌یاند: "كوردستان ده‌توانێت به‌شێكی پاره‌كه‌ كه‌ له‌بوودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگرییه‌وه‌ دابینده‌كرێت، به‌كاربهێنێت بۆ دابینكردنی "مووچه" بۆ پێشمه‌رگه‌.

گووته‌بێژه‌كه‌ی نووسینگەی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئەمریکا دووپاتیكرده‌وه‌ كه "ئه‌م یارمەتییەش هاوشێوه‌ی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی دیكه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ئەمریکا وه‌ریده‌گرێت به‌ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق ده‌بێت".

ته‌واو روون نیه‌ ئایا واشنتن ته‌نیا ره‌زامه‌ندی زاره‌كی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی وه‌رگرتووه‌ بۆ دابینكردنی كۆمه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ یاخود یه‌كه‌مجار پاره‌كه‌ ده‌نێرن بۆ به‌غدا پاشان له‌وێوه‌ ده‌نێردرێت كوردستان.

له‌باره‌ی پرسی چۆنیه‌تی گه‌یشتنی پاره‌كه‌ به‌ كوردستان، گووته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جۆن كێربی، به‌رووداوی راگه‌یاند: "ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌. هه‌موو شتێك به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بادی ده‌كرێت."

یارمەتییەکەی ئەمریکا‌ چه‌ند مه‌رجێكی دیکەیشی له‌گه‌ڵدایه‌. گووته‌بێژه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجانه‌ و گوتی: "یه‌كه‌م و گرنگترین مه‌رج بریتییه‌ لە مامه‌ڵه‌كردنی به‌رپرسیارنه‌ی تووند و شه‌فافییه‌ت و خراپ به‌كارنه‌هێنانی كۆمه‌كه‌كه‌".

بەڵام سەرچاوەیەکی فەرمی ئەمریکی رۆژی سێشەممە 19-4-2016 بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە تەنیا 415 ملیۆن دۆلار نییە، بەڵکو هاوکارییەکان دەگەنە 900 ملیۆن دۆلار و بە چەند شێوازێکی جیاواز دەدرێتە هێزی پێشمەرگە.

ماسیو ئاڵن، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رۆژی دووشەممە 18-4-2016 لە وڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی، مانگانە هاوکاری دارایی چەند یەکەیەکی بژاردەکراوی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات و گوتی: "سەبارەت بە پرسیاری هاوکارییە داراییەکان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بەرگری مانگانە ئەو هاوکاریانە بۆ چەند یەکەیەکی بژاردەکراوی پێشمەرگە دابین دەکات."

هەروەها ئێوارەی رۆژی دووشەممە 18ـی 4ـی 2016 ئاشتن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كە بە سەردانێك هەمان رۆژ گەیشتە بەغدا، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرد و رایگەیاند "ئەو بەڵێنانەی بۆ یارمەتیدان و هاوكاریی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە درابوون خراوەنەتە بواری جێبەجێكردنەوە".





روداو
Top