له‌ بەردەڕەش دوو منداڵ خنکان

له‌ بەردەڕەش دوو منداڵ خنکان
وتەبێژی بەرگری شارستانی پارێزگای دھۆک رایگەیاند، ئەمرۆ دوو منداڵ کە تەمەنیان ھەشت ساڵ بووە لە ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش، لە كاتێكدا له‌ ناو گۆماوێكدا خه‌ریكی‌ مه‌له‌كردن بوون، خنکاون.

رائید بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە پارێزگای دھۆک بە خەندانی رایگەیاند: " ئەمڕۆ چوارشەممە تیمەکانی بەرگری شارستانی ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش لە باره‌ی‌ رووداوی خنکانی دوو منداڵ ئاگادارکرانه‌وه‌.

وتیشی: "دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ شوێنی رووداوەکە، ده‌ركه‌وت دوو منداڵ بۆ مەلەکردن چوونەتە سەر گۆماوێك و خۆیان خستووەتە ناو ئاوەکەوه‌ و دواتر خنکاون".

ئەوشی خستەڕوو: ئەو دوو منداڵە كه‌ ناوەکانیان ( ئادەم قائیم و سەیف عەبدۆڵا مەجید )ه‌ ھاوڕێی یەکتربوون و تەمەنیان ھەشت ساڵ بووە، ھۆکاری خنکانیان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە شارەزاییان نەبووە لە مەلەکردندا.

بەوتەی رائید بێوار عەبدولعەزیز، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانه‌ تەرمی دوو منداڵەكه‌ لە گۆمه‌كه‌ دەربهێنن و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای ئاکرێ کراون.

ئه‌وه‌شی‌ راشیگەیاند، لە ١٨ی ئەم مانگەدا تەرمی کوڕ و باوکێک کە لە سەر پردی بەرد لە قەزای زاخۆ کەوتبوونە ناو ئاوی روباری خابووره‌وه‌ و تا ئێستا ته‌رمه‌كانیان نەدۆزراوه‌تەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانیش بەردەوامن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كان.
Top