هەفتەی داهاتوو مووچەی خانەنشینان دابەشدەکرێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی سێشەممە لیستی مووچەی خانەنشینانی تایبەت و خانەنشینانی ئاسایی گەیشتووەتە بانکەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری دابەشکردنی ئەو مووچانە نەگەیشتووەتە بانکەکان.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، کە مووچەکە مووچەی مانگی شوباتە و خانەنشینە تایبەتەکان سەدا 50ی مووچەکانیان وەردەگرن و خانەنشینانی ئاسایی مووچەی تەواوی خۆیان وەردەگرن.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەکانیان، ئەو دوو سەرچاوەیە ئاشکرایانکرد "بەهۆی بوونی هەندێک رۆتینی ئیداری و دارایی و هاوکات چاوخشاندنەوەش بە ناوی ئەو کەسانەی کە دوو مووچەیان هەیە مووچەی خانەنشیان دواکەوت".
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "ئەگەرێکی زۆر هەیە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان بکرێت".
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە رۆژی سێشەممە 19-4-2016 بڵاوکرایەوە، رۆژی پێنجشەممە 21-4-2016 دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی 13 وەزارەت و دەستە کە بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کۆتایی دێت.
