سەلیم جبووری بڕیاری دا، دەوامی فەرمانگەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕابگیرێن

 سەلیم جبووری بڕیاری دا، دەوامی فەرمانگەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕابگیرێن
(سەلیم جبووری)، ئەمڕۆ بە نووسراوێك داوای لە گشت فەرمانبەران و فەرمانگەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد دەوامەكانیان تا كاتێكی نادیار ڕابگرن، ئەندامێكی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، ئەمە سەرەتای ململانێیەكی قووڵە‌ لە عێراقدا.

(د. ئەشواق جاف)، بۆ‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سەلیم جبووری) دانیشتنەكانی بۆ كاتێكی نادیار دوا خست و داوای كۆكردنەوەی واژۆی كرد لەو پەرلەمانتارانەی ئامادەی دانیشتنەكان نەبوون، ئەمڕۆ فەرمانێكی بڵاو كردەوە و، تێیدا داوا لە گشت فەرمانبەر و فەرمانگەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات دەوام نەكەن تا كاتێكی نادیار و نابێت پێچەوانەی ئەو بڕیارە مامەڵە بكەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ئەمە مانای وایە ئەنجوومەنی نوێنەران پەكی دەخرێت و، ئێستایش بە فەرمی ئەنجوومەنەكە بووەتە دوو ئەنجوومەن و فەرمانەكانیش بوون بە دوو جۆرە فەرمان، بۆیە پێم وایە ئەمە سەرەتای ململانێیەكی قووڵە لە عێراقدا".








له KDP
Top