د.مەحموود عوسمان: دۆخی ئێستای عێراق، چانسی کورد بۆ سەربەخۆیی زیاتر دەکات
سیاسەتمەداری کورد (د.مەحموود عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "عێراق لەوەتەی ھەیە بەو شێوەیەیە و شتێکی تازە نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا گەیشتووەتە شەقام و، رێبەری رەوتی سەدر گەرمی کردووە؛ ئەگینا لایەنەکانی عێراق رێک نەکەوتوون، ئەمە13ساڵە ئەوانە یاری بە عێراقهوه دەکەن و ناتوانن ئیدارەی بدەن، بۆیە ئەوەی دەکرێت شتێکی چاوەڕوانکراوە.''
ئهو سیاسەتمەداری کورد دەشڵێ، ئەنجامی ئەو دۆخە باش نییە، لەبەر ئەوەی پەرلەمان بووە بە دوو لەتەوە و پەکی کەوتووە، بۆیە رەنگە ھەڵبژاردن بکرێت، بەڵام کە بە گوشاری شەقام شت کرا، دستوور و قانوون نامینێت و شتێکی ھەڵەیە، بۆیە نابێت بەوشێوەیە بێ.
(د.مەحموود عوسمان) ڕوونیشی کردەوە، کورد دۆخی باشە و یەکگرتووە و تێکەڵی ئەو کارانە نەبوونە کە نادەستووری و ناقانوونی بوونە، بۆیە ئەمە کارێکی باشە نەبوونەتە بەشێک لەو دۆخە.
گوتیشی، ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت و یەک قسە بن، دەتوانن سوود لەو دۆخەی عێراق وەربگرن و، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و وڵاتانی دیکەی پێوەندیدار بە عێراق ھەیە و یوئێن، قسە بکەن لەبارەی دۆخی عێراق، دەتوانن سوودی زۆر وەربگرن لەبەر ئەوەی یەکگرتوون و داخیلی ئەم دۆخە نەبوون، بۆیە زیاتر حیسابیان بۆ دەکرێ و رێزیان لێ دەگیرێت.
(د. مهحموود عوسمان) لهسهر ئهو باوهڕهیشه كه، ئەم دۆخەی ئێستای عێراق چانسی کورد بۆ سەربەخۆیی زیاتر دەکات، چونکە وهك ئهو دهڵێ، کورد بەھەموو لایەک دەڵێ، دۆخی عێراق بەم شێوەیە کە یەکگرتوو نییە و فیدراڵی نییە و دەستوور جێبەجێ ناکات، بۆیە ئێمەش مافی خۆمانە وەکو ھەر میللەتێک چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.
