هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بایی 900 ملیۆن دۆلار دەبێت
ئەو سەرچاوە فەرمیە گوتی: "لەو هاوکارییانەی ئەمریکا دەیداتە پێشمەرگە 22 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ راهێنان و کەلوپەلی پێشمەرگە و، 65 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئەو هێزانە دەبێت، کە ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئەنجامدەدەن".
ئەو سەرچاوە ئەمریکییە گوتیشی: "چۆنیەتی و بڕی ئەو هاوکارییانە لە 16-3-2016 لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسکراون و لە کۆتایی مانگی نیسانیش بەشێکیان دەگەنە هێزی پێشمەرگە ".
هەروەها ئەو سەرچاوەیە گوتی:" لە مانگی نیسانەوە ئەمریکا خواردنی هێزی پیشمەرگە لەبەرەکانی شەڕ دابیندەکات، بەشێکی دیکەی هاوکارییەکانیش بۆ خواردن، سووتەمەنی، خۆراک، تەندروستی و دەرمان تەرخاندەکرێن".
سەرچاوەکە رایگەیاند، دوو لیوای نوێی پێشمەرگە دروستدەکرێن، ژمارەی هەر لیوایەکیان 2100 کەس دەبێت کە دەکاتە 4 هەزار و 200 کەس و 180-200 ملیۆن دۆلار بۆ چەک و راهێنانی ئەو دوو لیوایەی پێشمەرگە تەرخاندەکرێت".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا دەیەوێت بەرەکانی شەڕ بەهێزتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بیر لەوەکراوەتەوە هێزی پێشمەرگە لە 60 هەزار پێشمەرگەوە لەبەرەکانی شەڕ بکرێتە 80 هەزار پێشمەرگە و رەنگە ئەو 415 ملیۆن دۆلارەش کە بۆ پێشمەرگەکانی بەشدار لەشەڕی موسڵ دابینکراوە زیادبکرێت.
هەروەها ئەو سەرچاوە ئەمریکییە گوتیشی:" بڕیارە لە 2016-2018 ئەمریکا قەرزێک بداتە عێراق، لەو قەرزەش 200 ملیۆن دۆلاری بۆ پێویستییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخاندەکرێت، سەرجەمی ئەو هاوکارییانەی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بایی 900 ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەمەش لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت و هیچ پەیوەندییەکی بە کۆنگرێسی ئەمریکاوە نییە".
هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا بە یاسا رێکخراون، بەپێی یاسای ساڵی 1961 هاوکارییە دەرەکییەکان ئەگەر سەربازی بوون لە رێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە دەکرێن، بەڵام ئەگەر هاوکاری مەدەنی بوون رێکخراوی یو ئێس ئەی ئای دی دەیانبەخشێت، بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتەش ئەمریکا ناتوانێت مووچەی سوپای هیچ وڵاتێک دابین بکات، بەڵکو هاوکارییەکان راستەوخۆ دەدرێنە حکومەتی ئەو وڵاتانەی هاوکاری دەکرێن.
