ئەنجوومەنی نوێنەران بووەتە دوو بەشەوە... مەترسی لەسەر حكوومەتیش زۆرە
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خۆپێشاندەرانی عێراق هەڕەشە لە دامەزراوەكانی حكوومەت دەكەن و، مەترسیی ئەوە هەیە بە هۆی هێرشەوە دامودەستگاكانی عێراق تاڵان بكرێن".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بووە بە دوو بەشەوە، بەشێكیان رێگا نادەن (سەلیم جبووری) سەرۆكی پەرلەمان بێتە ناو پەرلەمان و دانیشتن ئەنجام بدات، بۆیە مەترسیی كەوتنی پەرلەمانیش هەیە، چونكە لەم كاتەدا كە شەڕی داعش هەیە، زۆر گرینگە پەرلەمان چاودێریی كارەكانی حكوومەت بكات و لە هەندێك بابەتی گرینگی ئەمنی ئاگادار بێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیشی دەكاتەوە: "ئەگەر دۆخی عێراق بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوا جارێكی دیكە ئاستەمە دۆخی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی، چونكە متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا نەماوە و كەس نایەوێت بەشێك لە داواكانی بۆ لایەنێكی دیكە كەم بكاتەوە".
دەشڵێت، بە هەر جۆرێك بێ، دەبێت ئەم دۆخە كۆنتڕۆڵ بكرێت و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە جیددی بێنە سەر هێڵ.
له KDP
