گوتەبێژی حەشدی نیشتمانی: هەموو گەلی عێراق قەرزاری پێشمەرگەیە
زوھێر حازم جبووری، گوتەبێژی فەرمی و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن له ئیئتلافی موتەحیدوون، کە هاوکات گوتەبێژی هێزەکانی حەشدی نیشتمانییە، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی رووداو، لەبارەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رایگەیاند "ئەگەر هەموو هێزەكان ئامادەییان تێدابێت، شەڕی گرتنەوەی موسڵ ئاسانە و لەو ماوەیەی دیاریكراوە كە 8 مانگە، دەتوانین كۆنترۆڵی بكەینەوە".
گوتەبێژی هێزەکانی حەشدی نیشتمانی گوتیشی" ئێمە وەک هێزەکانی حەشدی نیشتمانی و تەواوی هێزەکانی دیکەی عێراق، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگەمان لەگەڵدا بێت، زۆر بەئاسانی دەتوانین شەڕی موسڵ بکەین، چونكە هێزەکانی پێشمەرگە دڵسۆزانە شەڕدەکەن، هەموو عێراق قەرزاری پێشمەرگەیە و دەبێت گەلی عێراق سوپاسی پێشمەرگە بکات".
جبووری ئاماژەی بەوەش کرد" هەموو هێزەکانی عێراق ئامادەییان پیشانداوە بۆ ئەوەی بەشداری لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بکەن، هاوکات موسڵ بەسەر چوار میحوەری شەڕدا دابەشکراوە و دەبێت سەرەتا گوندەکانی دەوروبەری موسڵ کۆنترۆڵ بکرێنەوە، دواتر داعش گەمارۆ بدرێت، ئەوسا دەتوانرێ پلانە ئەمنییەکانی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ جێبەجێکرێن".
لە دوایین لێدوانیدا باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی گرتنەوەی شاری موسڵ داو رایگەیاند لە هەموو رووێکەوە شەڕی دژی داعش فراوان دەکەین و دەبێت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵى كۆنترۆڵبكرێتەوە. گوتیشی "لە عێراق ناوچەی زۆر لەدەستی داعش دەرهێندراون، ئێمەش هاوکاری زیاتری هێزە عێراقییەکان دەکەین لەو شەڕەدا".
رووداو
