ئەڵمانیا سەنتەرێكی پزیشكی بۆ ژنانی قوربانی دەستی داعش لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

ئەڵمانیا سەنتەرێكی پزیشكی بۆ ژنانی قوربانی دەستی داعش لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە
فەلاح مستەفا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كۆدەبێتەوە، و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی سەنتەرێكی تەندروستی بۆ ژنانی قوربانی دەستی داعش لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

لە پەراوێزی یانزەیەمین كۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی لە براتیسلاڤا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئۆرسولا ڤۆندەرلاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكە فەلاح مستەفا رایگەیاند: "هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان پێویستیان بە پشتیوانی دۆستانمان هەیە بەهۆی بەردەوامی شەڕ، بۆیە داوای بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكان دەكەین بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاری لە ڕووی دابینكردنی خەرجی لۆجیستی و پوچەڵكردنەوەی بۆمب و خۆپاراستن لە چەكی كۆمەڵكوژ كە بەم دواییە گرووپی تیرۆریستی داعش لە هەندێ شوێن چەكی كیمیایی بەكاردەهێنا دژی پێشمەرگە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت داوای هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان لە حكومەتی ئەڵمانیا، یەكێتی ئەوروپا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانی داراییدایە.

فەلاح مستەفا بۆ چارەسەری بریندارانی پێشمەرگە بەتایبەتی ئەو حاڵەتانەی كە لە هەرێمی كوردستان چارەسەریان نییە داوای هاوكاری لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا كرد هاوكات پشتگری حكومەتی بەرلینی بە گرنگ زانیی بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە كوردانی ئێزیدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی دیكەی عێراق.

لەلایەن خۆیەوە ئۆرسولا ڤۆندەرلاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و دەستخۆشی كرد لە پاراستنی هەرێمی كوردستان و پارێزگاریكردن لە بەها مرۆییەكان و هەروەها كردنەوەی دەرگا بەڕووی ئاوارە و پەنابەران و خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دووپاتیكردەوە كە ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوكارییەكان و تاوتوێی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد لە بەرنامەیاندا سەنتەرێكی تەندروستی بكەنەوە بۆ هاوكاری و چارەسەری پزیشكی بۆ ژنان قوربانی دەست گرووپە توندڕەوەكان
Top