ئاشتۆن کارتەر بۆ سەرۆک بارزانی: ئەو بەڵێنانەی بۆ یارمەتیدان و هاوكاریی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریكاوە درابوون خراوەنەتە بواری جێبەجێ كردنەوە
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 18ـی 4ـی 2016 ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا كە بە سەردانێك لە هەمان ڕۆژدا گەییشتبوو بەغدا، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پۆزشی هێنایەوە لەوەی بەهۆی بەرنامەی چڕوپڕی كارەكانی نەیتوانیوە سەردانی هەولێر بكات و ئاماژەی بە سەردانی پێشووتری كرد بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها ئاماژەی بەو بەڵێنانە دا كە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە لەسەردانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا باسی كردبوو .
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریكا سەرۆك بارزانیی لەوە ئاگادار كردەوە كە ئەو بەڵێنانەی بۆ یارمەتیدان و هاوكاریی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریكاوە درابوون خراوەنەتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵ ماندووبوونی وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیكەی ئەمەریكا كرد بۆ پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوولا كرا و بیروڕا لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە عێراق و سووریا و هەروەها ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ ئاڵوگۆڕ كرا.
