بارزانی: بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت لە پرسی ئاوارەکان بەپێی پێویست یارمەتیی کوردستانیان نەداوە

بارزانی: بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت لە پرسی ئاوارەکان بەپێی پێویست یارمەتیی کوردستانیان نەداوە
ئەمڕۆ دووشەممە 18\4\2016، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سیناتۆر و پەرلەمانتارانی فەڕەنسا و پارلەمانی ئەورووپا کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ، لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان كردووە، بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایانگەیاند، بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتییان بۆ گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی بارزانی، هاتوونەتە كوردستان و هەروەها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی ئەمنی و ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق بن. هاوکات دەستخۆشییان لە گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی کوردستان كرد، لە بەرامبەر كەلتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە هەرێمی كوردستان و قوربانیدانیان لە شەڕی تیرۆریستان و پەنادانی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق و كوردستان.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لەو دیدارەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسا و وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی كردووە، كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە بوون.

بارزانی لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژە دان بەوەی تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە بۆ هەموو لایەك، بارودۆخی مەیدانیی شەڕی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی بۆ شاندەکە شی كردووەتەوە و باسیشی لەو هەڕەشانە كردووە كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە.

بارزانی ئاماژەشی بە قەیرانی دارایی و هۆكارەكانی داوە و ئەوەی خستووەتە ڕوو: “تێچوونەكانی شەڕ و دابەزینی نرخی نەوت و حەواندنەوەی ئاوارەكان وای كردووە كە كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدا بێت و ئەوەش لە حاڵێك دایە كە حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك پێویست لە مەسەلەی ئاوارەكان، یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان نەداوە”. بارزانی ئاماژەشی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان كرد و ئەوەی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە كە لەناو گەلی كوردستاندا، هیچ جۆرە حەساسیەتێكی ئایینی و تاییفی و نەتەوەیی نییە و هەموویان بە بێ جیاوازی و بە ئاشتی لەگەڵ یەكتردا دەژین. باسیشی لە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ عێراقدا كرد و ئەو نەهامەتییانەی لە ئەنجامی پێشێلكردنی شەراكەت تووشی خەڵكی كوردستان هاتوونە، بۆ شاندی میوان باس كرد.



لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی دووپات كردەوە کە پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ، ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنی مووسڵ لە قۆناغی دوای ئازادكردن لە نێوان لایەن و پێكهاتەكاندا هەبێت، ئەویش لەپێناو دانی گەرەنتی بە پێكهاتەكان بە تایبەت مەسیحی و ئێزیدییەكان كە ژیانێكی ئاسوودەیان هەبێت و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.










له باسنیوز
Top