سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو: رۆڵی سەرۆككۆمار لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق لاوازە
د. موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە كرد، رۆڵی سەرۆككۆمار لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق لاوازە و گوتیشی "سەرۆككۆمار دەسەڵاتی باشی هەیەو دەكرێت رۆڵی باشتر بگێڕێت، بەتایبەت لەم كاتەدا هیچ ناكۆكییەك لەسەر پێگەو دەسەڵاتەكەی نییە، بە نموونە دەتوانێ داوا لە پەرلەمان بكات دەسەڵات لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران وەربگرێتەوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاشكرای دەكات لە دانیشتنێكدا حەیدەر عەبادی دانی بەوەداناوە لە پێشنیازی گۆڕینی هەموو وەزیرەكانی حكومەتەكەی هەڵە بووە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو لەو چاكسازییەی عەبادی رایگەیاندبوو سەركەوتوو نەبووە. گوتیشی "پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەكرد موڵك و ماڵی دزراوی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی ژوورێكی داگیركراویش بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە".
تاكە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی عێراق بە بۆچوونی د.موسەننا ئەوەیە هەموو سەرۆك فراكسیۆنەكان لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بۆ چارەسەرێك كۆببنەوە، كۆبوونەوەكەش لەڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە راستەوخۆ بۆ خەڵكی بگوازرێتەوە "تاوەكو دەربكەوێت چ لایەنێك كەمترخەمە لە چارەسەركردنی قەیرانەكان".
سەبارەت بە دوورخستنەوەی پەرلەمانتار عادل نووری لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، بەهۆكاری ئەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارە مانگرتووەكانی عێراق دایە، د. موسەننا ئاماژەی بەوەدا، دوورخستنەوەی ئەو پەرلەمانتارە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی بووە، گوتیشی "پێشتر عادل نووری بڕیاریدابوو لەو هەڵوێستەی پەشیمان بێتەوە و مەكتەبی سیاسی زۆریش چاوەڕێیان كرد، بەڵام هەر نەیكرد، بۆیە دواجار مەكتەبی سیاسی ئەو بڕیارەی دا".
رووداو
