عارف تەیفوور: عەبادی پیاوێكی درۆزن و بێ بەڵێنە و نیەتی چاكسازیشی نییە
رووداو: تۆ دوو خول، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووی، ئەوەی ئێستا لەو پەرلەمانەدا دەگوزەرێ چییە؟
عارف تەیفوور: لە نێوان شیعە و سوننە ناكۆكییەكی گەورە هەیە، هەروەها لە نێوان خودی پێكهاتەی سوننە لەگەڵ سوننە و شیعە لەگەڵ شیعە ناكۆكی هەیە، دووریی نێوان ئەم پێكهاتانە بە جۆرێكە زۆر زەحمەتە عێراق دووبارە بگەڕێتەوە سەر سكەی خۆی و دۆخەكە چاك بكرێتەوە.
رووداو: كەواتە ئەمە سەرەتای كۆتایی عێراقە؟
عارف تەیفوور: ئەگەر كۆتایی عێراق لە نزیكترین كاتیش نەیەت، ئەوا دابەشبوونی عێراق بۆ سێ هەرێم بەهیچ شێوەیەك ناوەستێ.
رووداو: لە پەرلەمان باس باسی چاكسازی بوو لە حكومەتدا، لە ناكاو بۆ مانگرتن و لابردنی دەستەی سەرۆكایەتی گۆڕا، بۆچی وای لێهات؟
عارف تەیفوور: ئەو چاكسازییەی عەبادی بانگەشەی بۆ دەكات و سەدر داوای دەكات چاكسازی نییە، بەڵكو دەستی دەستی دەكات، ئەگەرنا عەبادی نییەتی چاكسازی نییە، چونكە ئەو گەندەڵییەی ئێستا لە عێراق هەیە، حیزبی دەعوە لایەنێكی سەرەكییە تێیدا، ئەوان ئیدارەی عێراقیان كردووە، بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی دوایی عێراقیان وێران كرد. ئەو كاتەی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق دەستبەكاربووین، عێراق خاوەنی نزیكەی 80 ملیار دۆلار پارەی یەدەگ بوو، ئێستا لە مایەپووچ نزیك دەبێتەوە. عەبادی چاكسازی پێ ناكرێت و من زۆر باش دەیناسم، چونكە دوو خول لە پەرلەمان بە یەكەوە بووین، پیاوێكی زۆر درۆزنە و خاوەن بەڵێنی خۆی نییە، زۆرتر بەدوای دەستكەوتەوەیە بۆ حیزبەكەی.
رووداو: ئەی كورد لە كوێی ئەو بارودۆخەی بەغدایە، لەوێ چ دەكات؟
عارف تەیفوور: كورد پێگەی بەهێزی جارانی لە بەغدا نەماوە، هەتاوەكو خولی دووەمیش، كورد لە بەغدا كاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی عێراق هەبوو، تەنانەت بە ئێمەیان دەگوت " ئێوە ئەو هێلكەیەن كە دەتوانن تای تەرازووی هەر لایەك لاسەنگ بكەن". لە دوا ساڵی خولی دووەمی پەرلەماندا نەمانهێشت بودجە بە كەموركوڕی و دژی هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت، یان من دژی ئەوە بووم هەر بڕگە و ماددەیەك بخرێتە دانیشتنەكانەوە ئەگەر رای كوردی لەسەر نەبێت.
رووداو: ئێستا جێگرە كوردەكەی سەرۆكی پەرلەمان رۆڵی باش نییە؟
عارف تەیفوور: بەشێوەیەكی گشتی بارودۆخی كورد لە بەغدا باش نییە، پێگەی كورد لاوازە و چەندین پۆستی لەدەستداوە.
رووداو: گلەیی لە ئێوە هەیە كە بەغداتان بە لاوازی جێهێشت؟
عارف تەیفوور: ئاخر ئەو گلەییەش لە ئێمە هەبوو كە دەیانگوت ئێوە دەتانەوێ عێراق دروستبكەنەوە و بەهێزی بكەنەوە، بەغدا بەهێز ببێت و دووبارە پەلاماری كوردستان بداتەوە، بەڵام ئەمجارە عەبادی وایكرد كە كورد لە بەغدا لاواز بێت، هەروەها نووری مالیكی هۆكاری سەرەكی لاوازیی كورد بوو لە بەغدا كە بودجەی بڕی و چەندین بەرپرسی كوردی لە پۆستە هەستیارەكان دوورخستەوە.
رووداو: عەبادی لە چ روویەكەوە كوردی لاواز كرد؟
عارف تەیفوور: لەو بەنێو چاكسازییەی كردی، بە ناوی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و كاك د.رۆژی لە پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران دوورخستەوە، دواتر بابەكر زێباری لە پۆستی سوپاسالار دوورخستەوە، پاشان جێگری سەرۆكی موخابەراتی عێراق كە كورد بوو دووری خستەوە، وەزیری كوردی لادا.
رووداو: كورد لە بەغدا لاوازن و لە هەرێمی كوردستانیش هەنگاو نەنراوە بۆ ئەوەی چارەنووسی كورد لە بەغدا یەكلایی بكرێتەوە؟
عارف تەیفوور: من زۆر زوو ئەوەم راگەیاندووە كە دەبێت كورد رۆژێك لە رۆژان لە عێراق دووربكەوێتەوە، بەڵام ئەمە بە هەست و سۆز نابێت كە بڵێین پەیوەندیمان بە بەغداوە نامێنێ ئەوە راست نییە، چونكە بۆ زۆر بابەت ئێمە بۆ بەغدا دەگەڕێینەوە، بەڵكو پێویستە دۆخی نێوخۆی هەرێمی كوردستان لەبار بێت، هەر كاتێك توانیمان خۆمان بەڕێوەبەین و كێشەكان یەكلابكەینەوە ئەوكات دەتوانی ئەو داوەی لەگەڵ بەغدا ماومانە بیپچڕێنین.
رووداو: بارزانی داوا دەكات پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا گشتپرسی بكرێت، كورد چ هەنگاوێكی بۆ ئەو پرسە ناوە؟
عارف تەیفوور: زۆر گرنگە گشتپرسی بكرێت، چونكە وەكو چەكێك بە دەستمانەوەیە هەر كاتێك نەگەیشتینە ئەنجامێكی رازیكەر لەگەڵ بەغدا ئەو كات چارەنووسی خۆمان دیاری دەكەین، ئەمەش مانای پچڕانی پەیوەندییەكانمان نییە لەگەڵ بەغدا، پێویستە بزاندرێت كورد لە عێراق چی دەوێت ئەمەش لە رێگای گشتپرسییەوە دەبێت. بەبڕوای من باشترین پەیوەندی لەگەڵ بەغدا هەمان بێت كۆنفیدراڵییە.
رووداو: ئاستەنگی بەردەم ئەو گشتپرسییە چییە، بۆچی نایكەن؟
عارف تەیفوور: كورد دوژمن و نەیاری زۆرە، چ داعش و چ عەرەبە شۆڤێنییەكان. بەپێی ئەزموونی خۆم ئێمە لە كاتی قەیران و كێشە و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاسا كە دژی خواستەكانی كورد بوو لە بەغدا زۆر بێدۆست و بێكەس بووین، تەنانەت هاوپەیمانەكانیشمان دژمان دەوەستانەوە. بە بیرم دێت ئێمە چەند كەسێك چووینە لای ئەیاد عەللاوی، ئەو كاتەی سەرۆكوەزیرانی كاتیی عێراق بوو، گوایە دۆستێكی نزیكی كوردە، باسی كەركووك و جێبەجێكردنی ماددەی 58 لە یاسای ئیدارەی كاتی دەوڵەتمان لەگەڵ كرد، بڕوا بكە هەر وەڵامیشی نەداینەوە، جارێكی دیكەش لەسەر یاسای هەڵبژاردن ناكۆكیمان هەبوو، عەبدولعەزیز حەكیم بە رەحمەت بێت، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی پەرلەمانتارەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی دەكرد، د.فوئاد مەعسووممان ناردە لای، تاوەكو نیو كاژێر مۆڵەتمان بداتێ لەگەڵ كاك مەسعود و مام جەلال قسە دەكەین و رایان وەردەگرین كەچی ئامادە نەبوو گوتی: یەك خولەك لە سەرتان راناوەستین.
ئەوانەی هاوپەیمان و دۆستی كوردن كاتێك كە كێشەكان گەورە دەبوون ئێمەیان بە تەنیا بەجێدەهێشت، ئەوە باسی كەسانی بێ نرخی وەكو حەنان فەتلاوی، عالیە نوسەیف، مشعان جبووری و عومەر جبووری ناكەم كە كەسانی شۆڤینین. بۆیە دەبێت نێو ماڵی خۆمان رێكبخەینەوە و دیبلۆماسییەتێكی بەهێزمان لە دەرەوە هەبێ، بۆ ئەوەی پشتگیری بۆ ئەو گشتپرسییە بەدەستبهێنین.
رووداو: لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیش باسی رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد دەكرێت، ئەم یەكخستنەوەیە چۆن چۆنی دەكرێت؟
عارف تەیفوور: كورد بە درێژای مێژوو سازشی بۆ یەكتر نەكردووە هیچ عەشیرەتێك بۆ عەشیرەتێكی دیكەی كورد سازشی نەكردووە، بەڵام پەنای بۆ دوژمن و بێگانە بردووە، ئێمە دەبێت یەكتر قبوڵ بكەین كە جیاوازیی بۆچوون و را هەیە، ئەمەش شتێكی سروشتییە، بەڵام یەكخستنی نێو ماڵی كورد بە یەكتر قبووڵ كردن دێت. ئێمە وەكو پارتی تاكە حیزبی كوردستان بووین كەچی لە بونیادنانەوەی سەركردایەتی پارتی لە ساڵی 1975 یەكێك لە دروشمەكانمان یەكتر قبووڵكردن بوو، چونكە زەمەنەكە گۆڕا و شۆرش تووشی هەرەس بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستاش هەندێك كەس لە كوردستان دەیەوێ هەر بۆچوونی خۆی بسەپێنێ و هەر قسەی ئەو بێت، ئەمەش خراپە، پێویستە حیزبەكان یەكتر قبووڵ بكەن و دەرگای گفتوگۆ لە یەكدی دانەخەن.
رووداو: تا چەند پارتی ئامادەیە لەگەڵ گۆڕان دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە؟
عارف تەیفوور: پارتی بۆ هەموو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنێك ئامادەیە.
رووداو: بەس گۆڕان داوای ئاساییكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت دەكات؟
عارف تەیفوور: ئاخر خاڵی ناكۆك لێرە ئەوەیە، ئێمە پێمانوایە دۆخەكە ناگەڕێتەوە پێش ئەو كاتە، چونكە پێمانوایە ئەو سەرۆكی پەرلەمانە ناتوانێت رۆڵی سەرەكی خۆی ببینێ و نێو ماڵی كورد یەكبخات، ئەگەر دیسانەوە بگەڕێتەوە پەرلەمان كێشەو فەوزا لە پەرلەمان و لە نێو خەڵك دروست دەكات و دووبارە قەیرانەكان سەرهەڵدەدەن. مادام ئەو پیاوە ئەوە مەبەست و نیەتی بێ، با بیگۆڕن و كەسێكی نەرم و نیان كە لە دۆخەكە تێبگات لە شوێنەكەی دابنرێت، خۆ گۆڕان خەڵكی باشیان هەیە، بەبۆچوونی من بۆ گۆڕان وا باشە بچێتەوە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن ئەو كات ئازادە چ دەڵێ، ئێستا رێگەپێدراو نییە قسە بە دەسەڵات بڵێ، چونكە خۆی بەشێكە لە حكومەت و ناكرێ دژایەتی بكات.
رووداو: هەوڵ دەدەن حكومەتی دوو قۆڵی لەگەڵ یەكێتی دورستبكەنەوە؟
عارف تەیفوور: مەرجیش نییە لایەنەكانی دیكە ئەگەر نەهاتنە نێو حكومەت، یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد تێكبچێت، دەكرێت گۆڕان و لایەنەكانی دیكە ئۆپۆزسیۆن بن و پەیوەندیشمان ئاسایی بێت، پێویستە پارتی و یەكێتی بڕیار لە شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو حیزبانە بە گۆڕانیشەوە بدەن، چونكە پارتی و یەكێتی ئەزموونی حكومەتدارییان لە ساڵی 1992ەوە هەیە و باشتر لە هەر لایەنێكی دیكە لە یەك تێدەگەن.
رووداو: بەس یەكێتی كێشەی بڕیاردانی هەیە و باڵەكان یەك بۆچوون نین لە دروستكردنەوەی حكومەت لەگەڵ پارتی؟
عارف تەیفوور: بەداخەوە یەكێتی ناكۆكیی زۆریان هەیە و باڵباڵێن هەیە، بەڵام هێڵێكی بەهێز لە نێو یەكێتیدا لەگەڵ رێككەوتن و لێكتێگەیشتنە لەگەڵ پارتی، ئەو هێڵەش دەتوانێت رۆڵی سەرەكی خۆی لەگەڵ پارتی ببینێ لەسەر ئایندەی كوردستان، مەرجیش نییە هەموویان بەشداربن.
رووداو: ئەو هێڵە لەنێو یەكێتی كێیە؟
عارف تەیفوور: ئێمە بە یەك چاو سەیری هەموو یەكێتی دەكەین و حەز ناكەین تووشی قەیران و كێشە ببن، چونكە هەر قەیرانێك بەسەر یەكێتی بێت میللەتەكەمان زەرەر دەكات، بۆ پارتی زەرەرە. تەنانەت ئەو كاتەی گۆڕانیش جیابووەوە ئێمە زۆرمان پێ ناخۆش بوو، ئەو برادەرانە حیزبێكیان دروستكرد، باسی چاكسازی و گۆڕان دەكەن، بەڵام لەو رۆژەوەی گۆڕان دروستبووە كوردستان سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە.
رووداو: دەمەوێ بگەڕێینەوە سەر بابەتی عێراق، لە نێوان مالیكی و عەبادی كامەی بۆ كورد باشتر بوو هەست ناكەن لە رازیبوون بە عەبادی كورد زەرەری كرد؟
عارف تەیفوور: راستە ئێستا مالیكی زەعیفەو ئەو ئیدارەی عێراق لە پشتی پەردەوە دەكات، من زۆر هاوارم كرد گوتم عەبادی راستگۆ نییە، هەموو ئامانجی خزمەتی حیزبەكەی خۆی و شەخسی خۆیەتی، من ئەزموونی زۆرم لەگەڵی هەیە، سەرنەكەوتنی هەموو رێكەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خەتای عەبادی بوو، كاتێك لە كۆبوونەوەكان دەگەیشتینە رێككەوتن، شیعەكان دەیانگوت دەچینەوە رای عەبادی وەردەگرین كەچی ئەو شكستی بە رێككەوتنەكان دەهێنا و بیانوویەكی دەدۆزییەوە، ئەمجارە كاتێك كاك نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای كرد، هەر عەبادی بە بیانووی نەبوونی پارە رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد.
رووداو: تۆ هەشت ساڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووی، پارتی ئومێدی بە بەغدا نەمابوو، بۆیە ئەو پۆستەی وەرنەگرتەوە؟
عارف تەیفوور: ئەو پۆستە هی پارتی بوو، بەڵام جەنابی سەرۆك لەبەر یەكڕیزیی كورد لە بەغدا ئەو پۆستەی دایە گۆڕان، ئەگەرنا ئەوان بە نۆ كورسی مافی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و وەزیریان نەبوو، رەنگە ئێستا ئیشوكاری پەرلەمان گۆڕابێت لەوانەیە هەندێك ئیش لەبەر من رۆیشتبێت لەبەر جێگرە كوردەكەی ئێستا نەڕوات، یان من شارەزاییم زیاتر بێت بە حوكمی ئەوەی هەشت ساڵ لەوێ بووم و ساڵێكیش ئەندامی كۆمەڵەی نیشتمانی بووم لە ئەنجوومەنی حوكمیش لە خزمەت جەنابی سەرۆك بووم، پێشتر رەخنەیان لە من دەگرت بەوەی قسە ناكەم، خۆ ئێستا جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە كوردە ئەویش قسە ناكات، ئەمە پەیوەندی بەوە هەیە كە ئەو شوێنە هی قسەكردن و لێدوان نییە، بەڵكو شوێنی ئیشكردنە، یان زۆر جاران قسەكردن و لێدوانەكانی جێگری سەرۆك پەخش نەدەكرا.
رووداو: لە ماوەی رابردوو وەزیری بەرگریی فەرەنسا سەردانی میحوەری خازری كرد، هیچ بەڵێنێكی پێدان؟
عارف تەیفوور: وەزیری بەرگریی فەرەنسا بەڵێنی دا راستەوخۆ چەك و یارمەتی بۆ پێشمەرگە بنێرێت لەو پشكەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، گوتیان ئاگاداری بەغدا دەكەینەوە، ئەمەش وەكو كورد دەڵێن پرسە خەسوانەیە، چونكە بەغدا ئەو پشكەی كە بۆ كورد دانراوە وەكو خۆی ناینێرێت. دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم هەندێك بەرپرسی بەرەڵڵا بازرگانی بەو چەكانەوە دەكەن كە بۆ پێشمەرگە دێن، بەمەش سومعەی كورد ناشیرین دەكەن.
رووداو
