دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە

 	 دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانتاران کۆ ببنەوە و، پەرلەمانتارێک سەرۆکایەتی دانیشتنەکە بکات و، پرسی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.

(عەرەفات کەرەم) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی مانگرتوو شکەستیان ھێنا، بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک بکرێت و سەرۆکی پەرلەمان دانیشێت وەکو پەرلەمانتار و، بێلایەنێک سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە بکات و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بخاتە دەنگدانەوە؛ جا ئەگەر دەنگی پێویستی ھێنا لەکار لادەدرێن، ئەگەرنا لە شوێنی خۆیان دەمێنێنەوە."

گوتیشی، دوای یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە سەرۆکوەزیران لەبارەی کابینەی نوێ بانگهێشت دەکرێت و ھەوڵ دەدرێت ئەویش لابدرێت لەبەر ئەوەی نەیتوانی کابینەی نوێ پێک بهێنێت.

(کەرەم) ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر کابینەی یەکەم دەنگی لەسەر بدرێت ئێمەی کورد دەنگی پێ نادەین، بەڵام ئەگەر ئەوەی دووەم بێت کە ١٤ وەزیرە و وەزیرە کوردەکان وەکو خۆیان بمێننەوە ئەوکات ئێمە دەنگی پێ دەدەین.
باسی لەوەش کرد، ھەوڵ دەدرێت ھەرسێ سەرۆکایەتیی عێراق کۆ ببنەوە و ھەوڵ بدرێت سبەی کۆبوونەوەکە چۆن بەڕێوە بچێت، چونکە گەر چارەسەر نەکرێت ڕەنگە عێراق تووشی قەیرانێ گەورە بێت.







له KDP
Top