فراكسیۆنە كوردستانییەكان: ناكرێت پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەمشێوەیە بەڕێوەبچێ

فراكسیۆنە كوردستانییەكان: ناكرێت پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەمشێوەیە بەڕێوەبچێ
فراكسیۆنە كوردستانییەكان دوای كۆبوونەوەیان كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و دوایین هەڵوێستی كوردیان لەبارەی دوا گۆڕانكارییەكان لە پەرلەمانی عێراق خستەڕوو و رایانگەیاند، ناكرێت پڕۆسەی سیاسی بەمشێوەیە لە عێراق بەڕێوەبچێت.



(خەسرۆ گۆران) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكهەڵوێستن و قەبوڵی ناكەین هیچ لایەنێك خۆی بكاتە جێگرەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان.
ئەوەشی گوت: ناكرێ بەمشێوەیە پرۆسەی سیاسی عێراق بەڕێوەبچێت، ئێمە هەموومان لەگەڵ ئەوەین چاكسازی بكرێت و گەندەڵی بنەبڕبكرێت و لەگەڵ داخوازی خۆپیشاندەرانین.
(خەسرۆ گۆران) سەبارەت بە گۆڕانكارییەكان لە پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق گوتی: پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان هی كوردە نەك لایەنێك، بۆیە قەبوڵ ناكەین هیچ لایەنێك خۆی‌ بكاتە بەدیلی‌ ئەو پێنج لایەنەی‌ كە نوێنەرانی‌ كورد دەكەن.


دەقی بەیاننامەكەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران:

دوای ئەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە و گفتوگۆمان لەبارەی دۆخی ئێستا و دواترین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە عێراقدا كرد، ئەم خاڵانە بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەكان و گەلەكەمان دەخەینەڕوو و جەختیشیان لەسەر دەكەینەوە :
١ - پێویستە پرۆسەی چاكسازی و، شەڕ لە دژی گەندەڵی و بەدیهینانی داواكارییەكانی جەماوەری عێراقی دڵسۆز جێبەجێ بكرێت و ئەمە ئەركێكی یاسایی و نیشتمانییە و ناكرێت خۆمانی لێ لادەین.


٢ - رێگای دیموكراسی، دەستووری و یاسایی و دوور لە پارچەبوون و تۆڵەسەندنەوە و سەپاندن لە هەر لایەكەوە بێت تاكە چارەسەرە بۆ دووركەوتنەوە لەو قەیرانە سیاسییەی لە وڵاتدا هەیە، دەبێت هەموو لایەنەكان ئەمە بە خاڵی سەرەكی دابنێن.
٣ - هاوبەشیی نیشتمانی لە عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی پێشێلكاری لە پۆستە دەستووری و سیاسییەكان نەكرێت، كە مەبدەئەكانی هاوبەشی دەردەبڕن و، یەكسانی لە شایستەی دەستووری پێكهاتەكانی عێراق دەكەن.


هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی هەر پۆستیك بەبێ گەڕانەوە بۆ فراكسیۆنە سیاسییەكانی نوێنەری گەلی كوردستان دووركەوتنەوەیە لە دەستوور و پرۆسەی سیاسی و هاوبەشیی راستەقینە، كە ئەمەش كارێكی رەتكراوەیە و ئێمە رێگەی پێنادەین و بایكۆتی هەر كارێكیش دەكەین بە پێچەوانەوە بێت، رێگەنادەین هیچ كەسێك خۆی لە جێگەی فراكسیۆنەكانی ئێمە دابنێت.







له KDP
Top