ئـەنجوومەنی وەزیران: دەبێ لە هەموو كایەكاندا، كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەپارێزی بكرێت

 ئـەنجوومەنی وەزیران: دەبێ لە هەموو كایەكاندا، كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەپارێزی بكرێت
ئـەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی رۆژی ژینگەوە، لە پەیامێكدا ڕایدەگەیێنێت: "دەبێ وەك بەهایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆیی، لە هەموو كایە پەروەردەیی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكاندا، كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پتەوكردنی بنەماكانی ژینگەپارێزی لەنێو كۆمەڵگاكەماندا بكەین".

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

لە ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا، دەستخۆشی لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و هەموو ئەو ڕێكخراو و كەسایەتیانە دەكەین كە لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگەپارێزیدا، ڕۆڵی دڵسۆزانەی خۆیان بینیوە.

كولتووری ژینگەپارێزی، كولتووری ژیاندۆستییە و ڕێزگرتنە لە بەهای ژیان و سیمای شارستانیەتی و پێشكەوتنی گەلانە. هەستی بەرپرسیارەتیی تاكە بەرانبەر بە كۆمەڵگا و نیشتیمان و ژینگەی مرۆڤایەتی. هەستی بەرپرسیارەتیی مرۆیی و مۆراڵیی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییشە بەرانبەر بە چارەنووسی نەوەكانی داهاتوو. ئاشكرایشە كە دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لە ڕووی ژینگەییەوە یەكێكە لە مافە سەرەكییەكان و وەك بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ ئەژمار دەكرێت.

كوردستانیانی ئازیز..

كوردستان خاوەن ژینگە و سرووشتێكی جوان و دڵگیرە و پاراستنی لە پیسبوون و شێواندن، ئەركێكی نیشتیمانی و مرۆییە لە ئەستۆی هەموو تاكێكی كۆمەڵگاكەماندا. ئێمەی كوردستانیان كە ساڵانێكە لە خەمی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی نیشتیمانەكەمانداین، دەبێ ئەو ڕاستییە بە هەند وەربگرین كە بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە، بە بێ ڕەچاوكردنی پرەنسیپەكانی ژینگەپارێزی، پرۆسەیەكی ناكامڵە و لە ئاستی خواستی گەشەپێدان و بنیاتنانی ڕاستەقینەدا نابێت، بۆیە دەبێ وەك بەهایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆیی، لە هەموو كایە پەروەردەیی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكاندا، كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پتەوكردنی بنەماكانی ژینگەپارێزی لەنێو كۆمەڵگاكەماندا بكەین، وەك كۆمەڵگایەكی ژیاندۆست و لێبووردە و ئاشتیخواز.

هیوادارین ئەم بۆنەیە هاندەرێكی بەهێز بێت بۆ جەختكردن و هەوڵی بەردەوامی هەمووان لە پێناو پاراستن و ڕێزگرتنی ژینگە و سرووشتی جوانی كوردستانە ئازیزەكەماندا.

ئێوە و كوردستان هەر گەش و ئاوەدان بێت.

ئـەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان










له KDP

Top