ئازاد جندیانی: ئێران گوشاری زیاتر دەخاتە سەر کوردستان
ئازاد جندیانی، سەرکردەیەکی یەکێتی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لە پۆستێکدا رایگەیاندووە، بەو پەرەسەندنانەی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق، ”کەرتبوونی پەرلەمان“ گەیشتووەتە ئاستێک، کە ”پێکەوە گرێدانەوەی زنجیرە پساوەکە کارێکی ئاسان نابێ“.
ئازاد جندیانی پۆستەکەی بەناونیشانی ”پسا“ نووسیوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو سیستەمەی لە دوای 2003ـەوە لە عێراق کاری پێدەکرێ و هەوڵی دامەزراندنی دەدرێت، ”گەیشتە کۆتایی خۆی“ و نەک هەر عێراقییەکان توانای بەیەکەوە بەستانی زنجیرە پساوەکانی بەغدایان نەماوە، بەڵکو ”بۆ ئەمریکا و ئێرانیش کارێکی ئاسان نابێ“.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێشیوایە، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی عێراق بووە دوو کەرت و رایەڵەکانی پەیوەندیی لە بەغدا پچڕاون، بەڵام ئەوە ”مانای ئەوە نییە“، کە ئیدی ئەمریکا و ئێران لە گۆڕەپانەکە دەکشێنەوە، چونکە ”عیراق بۆ ھەریەکە لەو دوو دەوڵەتە ئەڵقەیەکە زۆر ئەڵقەی تری پێوە بەستراون“.
بە گوتەی ئازاد جندیانی، کورد لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەت لەلایەن ئێران، گوشاری دەخرێتە سەر و ”پێشبینی کردنی جۆری ئەو گوشارانەی ئەخرێنە سەر کوردستان ئاسان نییە“، بەڵام رەنگە لەگەڵ گوشارەکان، چەند بەڵێنێکیش بە کورد بدرێ و ”چیتر وەک جاری جاران کورد ژمارەیەکی سادە نییە“.
جندیانی داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات، چاوەڕێ بن، بەشێوەیەک ”کار بۆ ئەجێندای سەربەخۆییش بکا و ھاوکات بنمیچێکی دیاریکراوی ھەبێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گوشارانەی لە ناوچەکەو جیھانیش ئەخرێنە سەری“.
باسنیوز
