سەرۆك بارزانی: ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دژی سەربەخۆیی كوردستان نین

سەرۆك بارزانی: ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دژی سەربەخۆیی كوردستان نین
سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دژی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان نین و لە واقیعەكە تێدەگەن، بەڵام ره‌نگه‌ بۆچوونیان له‌باره‌ی كاتی راگەیاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ جیاوازبێت و تێبینییان هەبێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەلجەزیرە كە ئێوارەی رۆژی هەینی 15-4-2016 پەخشكرا، هەر پەیوەست بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان و دەنگۆی بوونی فشاری ئەمریكا و وڵاتە ئەوروپییەكان لەسەر كورد رایگەیاند " ئه‌وان له‌ دۆخی كورد و واقیعه‌كه‌ تێده‌گه‌ن، ره‌نگه‌ بۆچوونیان له‌باره‌ی كاتی راگەیاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ جیاوازبێت و تێبینییان هەبێت، بەڵام هیچ لایه‌نێك دژی سه‌ربه‌خۆیی و ئه‌و مافه‌ی گه‌لی كوردستان نییه‌".

لەبارەی هەڵوێستی توركیا كە زۆرجار دەگوترێت توركیا پشتگیری سەرۆك بارزانی و كورد دەكات، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی "هێشتا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ توركیا باسنه‌كراوه‌، بەڵام ئه‌گه‌ر بیانەوێت قسەیان لەگەڵ دەكەن و روونكردنەوەی پێویستیان پێدەدەن".

تەوەرێكی دیكەی هەڤپەیڤینەكە پرسی ئەنجامدانی گشتپرسی بوو كە ئێستا گەرمترین رۆژەڤی ناوچەكەیە، لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی گوتی "لە دوو ئەزموون لەگەڵ عێراق شكستمان هێناوە و دەستوور كاری پێناكرێت، بۆیه‌ واباشتره‌ ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت". جەختیشیكردەوە "بانگه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌كانی نێوخۆی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ نییه‌ و ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌موو قه‌یرانه‌كان گه‌وره‌ترن‌".







رووداو-
Top