داعش دیلەكانی حەشدی شەعبی بە حەویجەدا دەسووڕێنێتەوە
ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك راگەیاند " ژمارەیەك دیلی حەشدی شەعبی كە لە چەند رۆژی رابردوو لەكاتی هێرشكردنە سەر گوندی بەشیر كەوتوونەتە دەست داعش، هاوشێوەی پێشمەرگە دیلەكان بە شارۆچكەی حەویجەدا سووڕێنراونەتەوە".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باسی لەوەش كرد، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی لە چەند رۆژی پێشوو نەیتوانی بەشیر بگرێتەوە، حكومەتی عێراق گرتنەوەی بەشیری دواخستووە. گوتیشی "بەبێ پێشمەرگە ناتوانن بەشیر بگرنەوە، بەرپرسانی پێشمەرگە لە كۆبوونەوەیەكی رابروودا بە حكومەتی عێراقیان گوت: ئەگەر ئێوە رازی بن، بەهاوكاری هاوپەیمانان بەیەك رۆژ گوندی بەشیر دەگرینەوە، بەڵام دیارە گرتنەوەی بەشیریان دواخستووە".
لەچەند رۆژی رابردوودا حەشدی شەعبی هێرشێكی بۆ سەر گوندی بەشیر دەستكرد، لەو هێرشەدا 14 كوژراو و 50 برینداریان هەبوو، وەك ئازاد جەباریش ئاشكرایكرد ژمارەیەك چەكداریان بەدیلی كەوتوونەتە دەست داعش. گوندی بەشیر سەر بە شارۆچكەی داقوقەو دانیشتووانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن و نزیكەی 2 هەزار ماڵی تێدایە.
رۆژی هەینی 13 ی شووباتی 2015، لە گرتەیەكی پروپاگەندەیی ڤیدیۆییدا، كە لەلایەن داعشەوە بڵاوكرایەوە، چەند كەسێك كە بەپێی ڤیدیۆكە پێشمەرگە بوون، لەنێو قەفەس بەنێو شارۆچكەی حەویجە سووڕێندرانەوە و نمایشكران.
له رووداو
