وەزیری بەرگریی فەڕەنسا: بەڵگە هەیە داعش بە كیمیایی لە پێشمەرگە و خەڵكی سڤیلی داوە
(ژان ئێڤ لۆدریان) دوێنێ سێشەممە، لە بەردەم ئەو ئەفسەرە فەڕەنساییانەی كە مەشق بە پێشمەرگە دەكەن ڕایگەیاند، بەڵگەمان هەیە دەیسەلمێنێ داعش دژ بە هێزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل چەكی كیمیایی بە كار هێناوە.
سەرچاوەیەكی سەربازیی فەڕەنساییش، بە "ئەی ئێف پی"ـی ڕاگەیاندووە، پاش بەكارهێنانی گازی كلۆر، داعش گازی خەردەلی پاشماوەی یەكەم جەنگی جیهانییش بەكار دێنێ؛ زیاتر گوتی، باش بینیمان بە هۆی ئەو ماددانەوە چ ڕووی داوە.
سەربازە فەڕەنساییەكە كە نەیویستووە ناوی ببرێ زیاتر دەڵێ، هێشتا ئەو گازەی (سەددام) بە كاری هێناوە، لە بیری كورد ناچێتەوە. داعشیش لەسەر هەمان ڕێی بەعس یاری دەكا و دەیەوێ پێشمەرگە بە هۆی ئەو ماددانەوە بترسێنێ.
وەزیری بەرگریی فەڕەنسا (ژان ئێڤ لۆدریان)، پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)ـدا، دوێنێ سێشەممە بەرەیەكی جەنگیی دژ بە داعشی لە سنووری هەولێر بەسەر كردەوە.
فەڕەنساییەكان نزیكەی سەدا١٠ـی ئەركی مەشقدانی هێزەكانی پێشمەرگە و عێراقییەكانیان وەئەستۆ گرتووە، كە دەچێتە چوارچێوەی كارەكانی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی كە ئەمەریكا ڕابەرایەتی دەكات.
له KDP
