سکرتێری ناتۆ: دەمانەوێ هێزی پێشمەرگە بەهێزتر بکەین، چونكە پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگ لە شەڕی دژی داعش دەگێڕێت

 سکرتێری ناتۆ: دەمانەوێ هێزی پێشمەرگە بەهێزتر بکەین، چونكە پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگ لە شەڕی دژی داعش دەگێڕێت
سکرتێری گشتی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایدەگەیەنێت، کە هاوپەیمانییەکە دەیەوێ هێزی پێشمەرگە بەهێزتر بکات.



ینز ستۆلتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاندووە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و کارا لە شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەبینێت.



ینز ستۆلتنبێرگ، هەروەها رایگەیاندووە، راوێژکارانی سەربازیی چەند وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانییەکە راهێنان و مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و ئەمەشی وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ دژایەتیکردنی داعش دادەنێت.



سکرتێری گشتیی ناتۆ بەڵێن بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدات، کە هاوکارییە سەربازییەکان بەردەوام بێت و هەوڵەکانیان زیاتر، باشتر و رێکخراوتر دەبێت و رایگەیاند، ”ئێمە دەمانەوێ هێزەکانی پێشمەرگە و ناوچەکە لە دژی داعش بەهێزتر بکەین“.



ناتۆ، هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپایە و بە مەبەستی بەرگریکردن لە وڵاتانی ئەوروپا لە ساڵی 1949دروست کراوە.



فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەلجیکا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە، کە ئەندامی ناتۆن، بە کەلوپەلی سەربازی و چەک و تەقەمەنی و ناردنی راوێژکاری سەربازی بۆ مەشقکردن، هاوکاریی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی داعش کردووە.











باسنیوز
Top