سەرۆك بارزانی بڕیارێک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دەردەکا

 سەرۆك بارزانی بڕیارێک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دەردەکا
سەرۆك بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، بڕیارێک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دەردەکا تا لە کاتی شەڕی داعشدا، پابەندی بنەماکانی ماڤی مرۆڤ بن و لە دەڤەرە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش ھاووڵاتیانی سڤیل بپارێزن.



بەپێی بڕیاری ژمارە ٣ی سەرۆکایەتیی ھەرێم کە لە ١٧ی ٣ی ٢٠١٦ دەرچووە و لە لایەن سەرۆك بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وفەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان واژۆ کراوە، ئاماژە بەوەکراوە کە دەبێت لە کاتی شەڕی داعش ھەموو ھێزی پێشمەرگە پابەندی چەند خاڵێک بن.



لە سەرەتای بڕیارەکەدا، سەرۆك بارزانی دەستخۆشیی لە پێشمەرگە کردووە و ھاتووە: وێڕای دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ بەرگریی بێ وێنە و ئازایەتی و ئەو داستانانەی تۆماریان کردووە لە قارەمانیەتی و و بەرخودان، بۆ ئەوەی نێوبانگی پیرۆزی پێشمەرگە پارێزراو بێت و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بگاتە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، پێویستە لەسەر ھەموو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان پابەندی چەند خاڵێک بن".



لەبارەی خاڵەکانی نێو بڕیارەکە ئەوە خراوەتە ڕوو کە بە ھەموو شێوەیەک خەڵکی سڤیل بپارێزرێت و رێگە نەدرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر ماڵ و موڵک و خانووبەرەی خەڵکی سڤیل، خانوو و ئاوایی و گوندەکان بپارێزرێت لە کاتی ئازادکردنی ھەر دەڤەرێک لەژێر دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش.



لە خاڵێکی تردا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە، ھیچ ھاووڵاتیەک دەستگیر نەکرێت بەبێ بەڵگە و رێکاری یاسایی، لە کاتی دەستگیرکردنی ھەرکەسێک پێویستە لە کاتی یاسایی خۆیدا دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە بە ڕێگای دادگا و بەشێوەیەکی یاسایی.



لە بڕیارەکەدا ئەوەش ھاتووە کە ھیچ ھاووڵاتیەک لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە دەڤەرە ڕزگارکراوەکانی ژیێردەستی داعش نەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر بەبێ ھۆکاری یاسایی یان سەربازی.



بارزانی لە خاڵێکی تری بڕیارەکەیدا ھێمای بۆ ئەوە کردووە ھاتوچۆی گشت ھاووڵاتیان بۆ ھەر شوێنێک ئازادە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی ئاسایش و سەربازیی ھەرێم، ھیچ رێگرتنێک نییە لە ھاتوچۆی ھاووڵاتیان جگە لە شوێنەکانی ھێڵەکانی تەماسی سەربازی.



ھەروەکو دووپات کراوەتەوە دەبێت رەچاوی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییەکان لە کاتی ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خەڵک و ھاووڵاتییانی ھێڵەکانی بەرگری لە کاتی شەڕکردن.



سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردووەتەوە ھەرکەسێک یان ھەر لایەنێک سەرپێچی ئەم خاڵانەی بڕیارەکە بکات لێپرسینەوەی یاسایی ڵەگەڵ ئەنجام دەدرێت.



پاش ئەوەی بڕیارەکانی سەرۆك بارزانی دراون بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوێک بڕیارەکەی داوەتە وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ئاسایش و دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جەختی لەسەر جێبەجێکردنیان کردووەتەوە.



پێشووتر لە گەرمەی شەڕی داعش و ھێرش و پەلامارەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سەر کوردستان، سەرۆك بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بروسکەیەک لە ٢١ی٨ی ٢٠١٤ کە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە و و ناوخۆ و لایەنە پێوەندارەکانی کردبوو دووپاتی ئەوەی کردبویەوە کە دەبێت ڕەوشتی بەرزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان لە کاتی شەڕی تیرۆرستانی داعش بپارێزرێت و خەڵکی سڤیل و ژیانیان بپارێزرێـت و مامەڵەی شیاو لەگەڵیان بکرێت لە دەڤەرە ڕزگارکراوەکان.



لە ئابی ٢٠١٤ وە داعش پەلاماری ھەرێمی کوردستانی داوە و زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە شەھید بوونە چەند ھەزار پێشمەرگە ش بریندار بوونە و ھێزەکانی پێشمەرگە بە درێژایی زیاتر لە ھەزار کیلۆمەتر لە دژی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیە دەجەنگن.












باسنیوز
Top