شاندی کوردستان بۆ عەبادی: دەمانەوێ ببینە دوو دراوسێی باش

 شاندی کوردستان بۆ عەبادی: دەمانەوێ ببینە دوو دراوسێی باش
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەجێندای کۆبوونەوەکە ڕزگارکردنی مووسڵ، بەشەبودجەی کوردستان، پشکی کورد بووە لە حکوومەتە تەکنۆکراتەکەی عەبادی، بە سەرۆک وەزیرانی عێراقیشیان ڕاگەیاندووە، یان پرەنسیپی شەراکەت، یان با ببین بە دوو دراوسێی باش بۆ یەکدی.



بە گوتەی سەرچاوەکە، کێشەی سەرەکیی حکوومەتی عەبادی و قسەکردنی لەگەڵ شاندی کوردستان کە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، ناڕاستەوخۆ ئەوەی لێ خوێندراوەتەوە کە عەبادی بە ھەموو شێوەیەک دەیانەوێ پارێزگاری لە پۆستی سەرۆک وەزیران بکا بۆ خۆی و حزبی دەعوە، ھەروەھا عەبادی دەشیەوێ لە پەنای چاکسازی و حکوومەتی بەناو تەکنۆکراتەوە ناڕەزاییەکانی شەقامی عێراقی ڕابگرێ و ئەو وەزیرانەش دوور بخاتەوە کە بوون بە کێشە بۆ حکوومەتەکەی.



لەبەرامبەر بەوەشدا خاڵی گرنگی کوردیش لەو کۆبوونەوەیە، مەسەلەی بەشەبودجەی کوردستان و ھاوکاریی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی بووە.



سەرچاوەکەی زانیاری ئاشکراشی کرد، عەبادی لەو کۆبوونەوەیەدا نەرمیی زۆری نواندووە، کە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بدات، ئەگەر بێت و بەشداریی جدی پێشمەرگە لە ڕزگاردنی مووسڵدا بۆی مسۆگەر بکرێ و ھەرێمی کوردستانیش پابەند بێت بەو بڕە نەوتەی کە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بۆی دیاری کراوە لە ڕێگەی سۆمۆوە، بەڵام شاندی کوردستان مەرجی ھەبووە و بە عەبادیی ڕاگەیاندووە، کە داوای خۆیان لەوبارەیەوە بە ئەمەریکییەکان داوە.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، تەنانەت بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەوە کە عەبادی دەیەوێت لە حکوومەتی تەکنۆکراتدا کورد پەراوێز بخات، عەبادی پێشنیاری گرنگی بۆ شاندی کوردستان کردووە و سێ ستوونی بۆ بەشداریکردنی کورد لەو حکوومەتەدا خستووەتە بەردەست کە لە ھەریەک لەو ستوونانە ئەگەر کورد قایل بێت ئەوا چەند وەزارەتێکی گرنگی دەبێت.



بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، عەبادی گوتوویەتی کە بەپێی ئیستحقاقاتی پێشوو، کورد لە پۆستە وەزارییەکاندا نزیکەی لە %١٣ ھەبووە، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیارە نوێیانەی ئێستا، نزیکەی لە %١٨ زیاتری لە پۆستە وەزارییەکاندا دەبێت.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، شاندی ھەرێمی کوردستان پێداگریی کردووە لەسەر ئەوەی کە لە پلەکانی وەکو بەڕێوەبەری گشتی و سەفیر و دەستە سەربەخۆکانی عێراقیشدا لەسەدا ٢٠ی ھەبێت، بەڵام عەبادی بەتەنیا بۆ ئاستی وەزارەتەکان %١٨ی قبووڵ کردووە، لە بەرامبەردا شاندی کوردستان بە عەبادیی ڕاگەیاندووە کە کات درەنگ بووە، ئەگەر نیازتان نییە بەتەواوی لە پرەنسیپی شەراکەتدا لەگەڵمان ڕاستگۆ بن، ئەوا باشتر وایە عێراق بۆ ئەوە ئامادە بکرێ کە لەگەڵماندا دراوسێیەکی باش بێت.



بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکە، عەبادی لەو کۆبوونەوەیەدا ئەوەی دووبارە کردووەتەوە، ئەگەر ھەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکانی ڕادەستکردنی نەوت بۆ سۆمۆ و گەڕاندنەوەی ئەو داھاتەی کە لەسەر ھەرێمە بۆ سندوقی ئیتیحادی، ئەوا حکوومەتی عێراقیش پابەند دەبێت بە پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لەو قەرزانەی کە بۆ پڕکردنەوەی بودجەش لە سندوقی نێودەوڵەتیی قەرزی دەکا، بەشی دەدا.



بەڵام بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، دوا بڕیار بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان، بۆ ناوبژیوانیی ئەمەریکا جێ ھێڵراوە.



لەم بارەیەوە نەوزاد ڕەسووڵ، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا ڕای گەیاند:
ئەوەی ئێستا لەبارەی حکوومەتی تەکنۆکراتەوە ھەیە ئەوەیە کە عەبادی ئێستا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە کاندیدە وەزارییەکان لەلایەن فراکسیۆنەکان و پارتە سیاسییەکانەوە دیاری بکرێن، بەشێوەیەک بۆ ھەر پۆستێکی وەزاری سێ کاندید دیاری بکەن، کە یەکیان ھەڵدەبژێردرێ، ئەوەش بەشێوەیەک نەرمی نواندنە لەبەرامبەر بەوەی کە پێشتر خۆی بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان دیاریی کردبوو، گوتیشی: «کێشەی عەبادی لە پرسی حکوومەتی تەکنۆکراتدا کورد نییە، بەڵکو ئەو لایەنە شیعانەن کە لە دژی حەیدەر عەبادین».



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نابێ سەرکردایەتیی کورد ئەوە لە عەبادی قبووڵ بکات کە مامەڵە بە پێشمەرگەوە بکات لە بەرامبەر بە پێدانی بودجە یان بودجەی پێشمەرگە، لەڕاستیدا دەبێ حکوومەتی عێراق بودجەی پێشمەرگە بدات لە ھەر دۆخێکدا بێت، ھەروەھا بەپێی ڕێککەوتنیشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەبێ عەبادی پابەندی پێدانی بودجەی ھەرێمی کوردستان بێت، ئەوکات دەشتوانێ داوای ئەوە بکات کە کورد پابەندبێت بە ناردنی نەوتەوە».











باسنیوز
Top