سەرۆك بارزانی پێشوزایكرد لە حسێن ئاكسوی پارێزگاری ئامەدو شاندێكی یاوەری

سەرۆك بارزانی  پێشوزایكرد لە حسێن ئاكسوی پارێزگاری ئامەدو شاندێكی یاوەری
سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ (دووشەممە) لە سەڵاحەدین پێشوزایكرد لە حسێن ئاكسوی پارێزگاری ئامەدو شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك پارلەمانتاری ئەكەپەی دەسەڵاتداری توركیاو وەزیری كشتوكاڵی ئەو وڵاتە.

شاندەكە بە فڕۆكەیەك لە ئامەدەوە بەرەو هەولێر بەڕێكەوت، ئەوەش یەكەم گەشتی فڕۆكەوانییە لە نێوان ئەو دوو شارەدا.

دارا محەمەد بەرپرسی ئەكەپە لە ئامەد رایگەیاند : لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو رۆژە مێژووییە كرا كە گەشتی فڕۆكە لە نێوان دوو شاری كوردی ئەنجامدرا، هەروەها باس لەو پەیوەندییەی نێوان حكومەتی توركیاو هەرێمی كوردستان كرا".

ئاماژەی بەوەشكرد كە "پارێزگاری ئامەد بەنوێنەرایەتی حكومەتی توركیا هەموو پاڵپشتییەكی حكومەت و ئەكەپەی بۆ بارزانی دەربڕی".

دارا محەمەد رونیشیكردەوە كە لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا باس لە دۆخی ئەمنی شارە كوردییەكان كراوە.

وتیشی: " سەرۆك مسعود بارزانی زۆر بە پەرۆش بوو، بەڵام وتی دەبێت چەكەكان رابگیرێت، نابێت گەل ببێتە قوربانی ئەو شەڕەی ئێستا هەیە كە سود بە هیچ لایەنێك ناگەیەنێت، بەڵكو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكردن و پرۆسەی ئاشتی".

ئەو پەرلەمانتارەی ئەكەپە ئەوەشی راگەیاند كە سەرۆك مسعود بارزانی پێیوتوون، چی پێبكرێت بۆ ئاشتی و ئەمنیەتی شارە كوردییەكان بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی ئاشتی ئەنجامیدەدات.

لەلایەكی ترەوە بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، بارزانی سوپاسی سەرۆك وەزیرانی توركیای كردووەو هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاندوە بۆ كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەولێر و دیاربەكر (ئامەد).



خەندان
Top