ئەمەریکا چیدیكە چەك بە یەپەگە نادات

 ئەمەریکا چیدیكە چەك بە یەپەگە نادات
باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ڕایگەیاند وڵاتەكەی چەك ناداتە یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سووریا.

لە دوایین هەڵوێستی واشنتۆن لەسەر بارودۆخی سووریا، جۆن باس، باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند كە چیدیكە چەك و كەرەستەی سەربازی نادەنە هێزەكانی یەپەگە لە سووریا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئەلئەخباری چاپی بەیروت، ئەو لێدوانەی باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا، وازهێنانی واشنتۆنە لە پشتیوانیكردنی یەپەگە لە سووریا و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەكانیەتی لەگەڵ توركیا.

ئەمەش وەك چاودێرانی سیاسی دەڵێن گۆڕنكاری لە سیاسەتی ئەمەریكا، دوای سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆككۆماری توركیا بۆ واشنتۆن و دیداری لەگەڵ باراك ئۆباما هاوتای ئەمریكیی خۆی و هەروەها سەردانی شاندێكی باڵای سەربازیی ئەمەریكا بۆ توركیا هاتە ئاراوە و ڕێككەوتوون لەسەر هاوكارینەكردنی یەپەگە لە ناو سووریا.
هەروەها پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر یەپەگە، پەیوەندی بە سیاسەتی خۆسەپاندنی تاکڕەوانەی پەیەدە و یەپەگە بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بوونی پەیوەندیی پتەو لە نێوان پەیەدە و ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

هەر سەبارەت بە بارودۆخی سووریا، ڕۆژنامەی تەلەگراف بڵاوی كردەوە كە ڕووسیا و سوپای ڕژێمی ئەسەد خۆیان بۆ گرتنەوەی شاری حەلەب ئامادە كردووە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە سوپای ئەسەد لەگەڵ هێزەكانی ڕووسیا ڕێككەوتوون لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد بۆ گرتنەوەی شاری حەلەب بە پاڵپشتیی ئاسمانیی فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا.

بۆ شاری ڕەققەش، ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە هێشتا دیار نییە چ هێزێک بۆ گرتنەوەی ئەو شارە و پاککردنەوەی لە تیرۆریستانی داعش بەشداری دەکات.
لەو بارەیەوە کونسوڵی پێشووی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە، پاککردنەوەی شاری ڕەققەیە، بەڵام تورکیا مەبەستیەتی بزانێت دوای ئازادکردنی، کێ لەو شارە دەمێنیتەوە و ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابین بە مانەوەی پەکەکە لە ڕەققە. وتیشی گفتوگۆکان لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
Top