وەفدێکی ھەرێم بۆ ئەمریکا بەرێکەوت

وەفدێکی ھەرێم بۆ ئەمریکا بەرێکەوت
وەفدێکی ھەرێمی کوردستان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتن، بڕیارە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجامبدەن و گفتوگۆ بکەن لەبارەی ھاوکاری سەربازی و مادی بۆ ھێزی پێشمەرگە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠١٦، وەفدێکی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "جگە لە قوباد تاڵەبانی، ھەریەکە لە کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەکانی دەرەوەی ھەرێم ئەندامی وەفدەکەن".

ئەو سەرچاوەیە ئەجێندای سەردانەکەی وەفدەکەی ھەرێمی ئاشکراکرد و رایگەیاند، وەفدەکەی ھەرێم لەگەڵ چەند بەرپرس و کەسایەتی حکومەتی ئەمریکا کۆدەبنەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش چۆنێتی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی ھاوکاری سەربازی و مادی ھێزی پێشمەرگە دەبێت، جگەلەوانە باسی شەڕی دژی داعش و ئایندەی عیراق و رەوشی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت.

ئاشکراشیکرد، بڕیارە پاش تەواوبوونی کارەکانیان لە ئەمریکا، وەفدەکەی ھەرێم بەھەمان مەبەست سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا بکەن.

سەردانی شاندەکەی ھەرێم بۆ ئەمریکا لەسەر بانگھێشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆنە، ئەوەش بەوتەی سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم کە دوێنێ راگەیاند.

دزەیی ئاماژەی بەوەشکردبوو، تەوەری سەرەکی سەردانەکە تاووتوێکردنی رەوشی ئەمنی و سەربازییە لەگەڵ بەرپرسانی پنتاگۆن لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری کوردستان تاووتوێ دەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی ھەرێم راشیگەیاندبوو، لەو سەردانەدا زیاتر وردەکاریی قەیرانی دارایی بۆ بەرپرسانی ئەمریکی رووندەکرێتەوە بەتایبەت کە قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەم قەیرانە وردەکاریی زیاتری ‌لایە، وەفدەکە دەرفەتی ئەوەی دەبێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو دەزگاکانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

ھەینی رابردووش جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانەی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندێکی باڵای ھەرێم کە لە ‌بەغدا بەڕێوەچوو ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی کە ھاوکاریی عیراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی.

جۆن کیری وردەکاری ئەو ھاوکاریانەی باس نەکرد، بەڵام وتبووی ھاوکاری مادی پێشکەشدەکەن بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان، ھەروەھا لەھەفتەکانی داھاتوو گوشارەکان بۆ سەر داعش زیاتر دەکەن.









له (ZNA)
Top