شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەركۆماری عێراق كۆ بووەوە

شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەركۆماری عێراق كۆ بووەوە
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8 - 4 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری سەردانی (د. فوئاد مەعسووم) سەركۆماری عێراقی فیدراڵی كرد.

لە دیدارێكدا ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەردوولا هەماهەنگیی و هاوكاریی نێوان هەولێر و بەغدایان بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان دووپات كردەوە و جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا له‌ ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ و هەنگاوەكانی چارەسەركردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستانی بەتایبەتی گرتووە، هه‌روه‌ها پێكهاتەی نوێی حكوومەتی عێراق و ڕەچاوكردنی مافە دەستووری و یاساییەكانی كورد لەو پێكهاتەدا، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
Top