هەورامی: لەگەڵ چاكسازیداین، بەڵام دەبێ لەسەر بنەمای عێراقی نوێ بێت
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی، پێشوازی لە (مەساكی وەتانابی) بەرپرسی نوێی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان (یونامی) لە هەرێمی كوردستان كرد، مەبەست لە سەردانەكەی، تێگەییشتنە لە هەڵوێستی كوردستان لە بەرامبەر گوڕانكارییەكانی بەغدا.
(هێمن هەورامی) ئاماژەی بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان كرد و، ڕوونی كردەوە كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە كە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووە و، ئەو گۆڕانكاریانەی كە حكوومەتی فیدراڵ دەیەوێ ئەنجامیان بدات، دەبێت بە رەزامەندیی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، بۆ ئەم مەبەستەیش وەفدێكی باڵای هەرێم بەم زووانە سەردانی بەغدا دەكەن.
(هەورامی) گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ چاكسازیداین، بەڵام میكانیزمی چاكسازی دەبێت لەسەر بنەمای عێراقی نوێ بێت". داوایشی لە نەتەوەیەكگرتووەكان كرد كە هاوكاری گەلانی عێراق و حكوومەتی فیدراڵ بن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (هێمن هەورامی) ئاماژەی دا كە، لە ئێستادا 31%ـی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ئەوانەن كە لە 20 مانگی رابردوودا و لە ئەنجامی شەڕی داعش و شەڕی نێوخۆی سووریا و گرژییەكانی دیكەی ناوچەكە، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكوومەتی فیدراڵ تاكو ئێستا بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی مرۆیی و سەربازیی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان نەكردووە لەم قەیرانانەدا، بۆیە داوای هاوكاریی زیاتری مرۆیی وەك پێداویستییەكانی تەندروستی، پەروەردەیی و پێداویستیەكانی دیكەی رۆژانە لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەین كە ئەوەیش بارگرانییەك لە سەرشانی حكوومەت و دانیشتووانی هەرێم كەم دەكاتەوە".
دیوێكی دیكەی باسەكەی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی، باسكردن بوو لەو گرفتانەی كە ئێستا رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە و بووەتە هۆكاری دروسبوونی قەیرانێكی دیكەی سیاسی، گەلی كوردستان لەگەڵ چاكسازی و گۆڕانكاریدایە لە حكوومەتی فیدراڵ، بەڵام ئەو گۆڕانكاریانە دەبێت بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق بێت. گەلی كوردستان قبووڵ ناكا هیچ كەس و لایەنێك نوێنەریان بۆ دیاری بكات، خۆمان نوێنەری خۆمان دیاری دەكەین".
بەرپرسی نوێی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاند، عێراق رووبەڕووی كۆمەڵێك گرفت بووەتەوە كە دەبێت بە لێكتێگەییشتن و رێككەوتنی نێوان گەلانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كە نوێنەرایەتیی خەڵك دەكەن، بێت.
(مەساكی وەتانابی)، بە ناوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە سوپاسی گەل و هەرێمی كوردستانی كرد كە هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش بە ئاوارەكانی هەرێم كردووە و كارئاسانییشیان بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كردووە بۆ گەییشتن بە ئاوارەكان و بەئاگابوون لە ژیان و گوزەرانیان.
(وەتانابی) ئاماژەیشی بەوە دا كە، نەتەوەیەكگرتووەكان بە باشی لە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان و گەلانی عێراق تێدەگات و هانی سیاسیەكان دەدات هەوڵی كەمكردنەوەی گرفتەكان بدەن نەك دروستكردنی كێشەی نوێ كە ببێتە هۆكاری ناسەقامگیریی زیاتر. پێویستە رێككەوتن هەبێت لەسەر میكانیزمی چاكسازی و هەر گۆڕانكارییەكی تر لە حكوومەتی عێراقدا.
