جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: پاپەندین بە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە
ئەمڕۆ (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت، پێشوازی لە (ڤینزۆ ئەماندۆلا) جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئامانجی سەردانەكەی روون كردەوە و گوتی: "ئەم سەردانەمان بۆ دووپاتكردنەوەی پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پاپەندبوونمانە بە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و تاوتووكردنی شێوازی فراوانكردنی هاوكاریی ئابووری."
ئەو هەروەها ستایشی قارەمانیەتیی هێزەكانی پیشمەرگەی كرد لە شەڕی دلێرانەیان دژی تیرۆرستانی داعش و، هاوكات دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێم كرد بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەو پەنابەران.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پوختەیەكی دەربارەی رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو و ئاماژەی بۆ خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمەرگە كرد لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش، هاوكات ئاماژەی بە سەردانی گەورەبەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كرد كە لە ڕابردوودا سەردانی هەرێمیان كردووە و، سوپاسگوزاریی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بەرامبەر بە پاڵپشتیی سیاسی و سەربازی و مرۆیی وڵاتی ئیتاڵیا.
دواتر بیروڕایان سەبارەت بە پرسە هەنووكەییەكان و پەیوەندییە دووقۆڵییەكان ئاڵوگۆڕ كرد، بە تایبەت پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و كولتوورییەكانی نێوان هەردوولا.
