حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکی تازە بۆ گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرانە دەردەکات
بەپێی ڕێنمایی ژمارە 2ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ چۆنیەتیی گواستنەوەی فەرمانبەران لەنێو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی وەزارەتەکە کراوە.
ڕێنماییەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەری شارستانیی وەزارەتی ناوخۆن، لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە پۆلیسی لۆکاڵی و بەرگریی شارستانی و پۆلیسی ھاتوچۆ و پۆلیسی پاسەوانی و یەکەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پێک دێن.
لە ماددەیەکی ڕێنماییەکەدا چارەنووسی گواستنەوە لە خزمەتی سەربازی بۆ شارستانی یەکلایی کراوەتەوە و ھاتووە: "گواستنەوەی ڕاژە لەسەر میلاکی سەربازی بۆ سەر میلاکی شارستانی ناکرێت، ھەروەکو چۆن گواستنەوەی ڕاژە لەسەر میلاکی شارستانی بۆ سەر میلاکی سەربازیش بە ھەمان شێوە ئەنجام نادرێت".
ھەروەکو ئاماژە بەوەش کراوە، بە ھیچ جۆرێک گواستنەوەی ڕاژە بۆ فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی عێراق ئەنجام نادرێت.
لەبارەی مەرجەکانی گواستنەوەی فەرمانبەر و کارمەندانی ناوخۆ لەنێو وەزارەتی ناوخۆدا، لە ڕێنماییەکەدا باسی لێوە کراوە کە مەرجی بنەڕەتی ھەبوونی جێگرەوەیە بۆ ئە کەسەی داوای گواستنەوە دەکا، لەگەڵ ھەبوونی فەرمانی ڕەزامەندی بۆ ئەو فەرمانگەیەی کە داوای گواستنەوەی بۆ دەکا.
لە سەرێکی دیکەدا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە چۆن گواستنەوەی ڕاژە بۆ ناوەوە و دەرەوەی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەش دەبێت پسپۆڕیی ئەو کەسەی داوای گواستنەوە دەکا لە وەزارەتی ناوخۆ، کێشە بۆ ناوخۆ دروست نەکا.
ئەگەر کەسێک بیەوێت ڕاژەکەی بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ بگوازێتەوە، پێویستە داواکاریی گواستنەوەکەی خشتەی ڕاژەکەشی تێدا بێت، پاش ھەڵسەنگاندنی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ، وەڵامی داواکارییەکە دەدرێتەوە.
لەو ڕێنماییەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، گواستنەوەی ڕاژە بۆ ئەو فەرمانبەر و کارمەندانەی ناوخۆ ناکرێت بۆ دەرەوەی وەزارەت کە بەڵێننامەی خزمەتکردنیان پڕ کردووەتەوە، ھەروەکو گواستنەوە بۆ ئەوانە ناکرێت کە مۆڵەتی درێژخایەنیان ھەیە.
ئەو ڕێنماییە لەسەر فەرمانبەری شارستانی و ئەفسەر و کارمەندانی ڕاژەی سەربازی جێبەجێ دەکرێت.
لەمبارەیەوە لیوا بەختیار بابان، ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: دەرکردنی ئەو ڕێنماییە بۆ ڕێکخستنی گواستنەوەی فەرمانبەران و ئەفسەران و کارمەندانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە، تا کاریگەریشی لەسەر میلاکی پێویستی فەرمانگەکان نەبێت و لەگەڵ شارەزایی و پسپۆڕییەکان بگونجێت“.
پێشووتر ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە 22\2\2016، بڕیارێکی دەرکردبوو، کە تێیدا گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەرانی لەنێوان وەزارەتەکان ڕاگرتبوو.
باسنیوز
