هیچ کام لە سەرۆکەکان، ئەوەندەی (سەرۆک بارزانی) شەڕی داعشیان پێ نەکراوە

هیچ کام لە سەرۆکەکان، ئەوەندەی (سەرۆک بارزانی) شەڕی داعشیان پێ نەکراوە
ئێستا ھێزی پێشمەرگە بە ڕابەرایەتیی (سەرۆک بارزانی) و، لە باتی ھەموو جیهان شەڕی داعش دەکات؛ ڕاستە ٦٠ وڵات هاوپەیمانی کوردستانن لەم شەڕەدا، بەڵام چاودێران پێیان وایە سەرۆکی هیچ وڵاتێک وەکو (سەرۆک بارزانی) نەیتوانیوە ڕۆڵی کاریگەری ھەبێت لە شەڕی داعشدا، بۆیەش لە ناو دەوڵەتان لە ناوچەکە و، لە ناوخۆیشدا ڕێزێکی زۆری لێ دەگیرێت.

دەربارەی ئەم پرسە، (عەلی حوسێن) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتان لەبەر چەند هۆیەک بایەخ بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەدەن؛ لەوانە بۆ خەباتی میللەتی کورد کە لە سەد ساڵی ڕابردوو قوربانییەکی زۆری داوە و، کورد زوڵمێکی زۆری لێ کراوە؛ جا (سەرۆک بارزانی) و خانەوادەی (بارزانی) ئەوە ١٠٠ ساڵە لە ناو خەباتدانە و، وڵاتانی زلهێز و ناوچەکەیش پێگەی ئەو خانەوادەیە چاک دەزانن، چونکە ڕۆڵێکی گەورەیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورداندا ھەبووە و، ھەوڵی زۆرییشان بۆ پێکەوەژیان داوە و، لە توندوتیژییەوە نەگلاون."

(عەلی حوسێن) گوتیشی، ئێستا کورد لە جیاتی ھەموو جیهان شەڕی داعش دەکات و، (سەرۆک بارزانی) ئەو شەڕە دەباتە ڕێوە؛ وڵاتانی دنیا پێی سەرسام بوونە؛ هێشتا داعش پەیدا نەبووبوو، (سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە سەرهەڵدانی دابوو، بەرنامەی چاک و تۆکمەیشی خستە بەر دەست وڵاتان بۆ بنەبڕکردنی ئەو تاقمە تیرۆریستە.

هاوکات چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ (د. ساڵح مەلاعومەر عیسا)، جەخت دەکاتەوە کە، "(سەرۆک بارزانی) ڕۆڵێکی زۆر باڵای ھەیە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیش؛ ئاخر (سەرۆک بارزانی) سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمە، نیو سەدە ئەزموونی پێشمەرگایەتییشی ھەیە؛ جا بەو تێكشانەی داعشیشدا دیارە، (سەرۆک بارزانی) چەندە لە پێشمەرگایەتیدا ئەزموونە؛ تەنانەت پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانەی کۆبانێ کران و، لەوێشدا داعشیان شکاند."

(د. ساڵح مەلاعومەر عیسا)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا (سەرۆک بارزانی) فەرماندەیی شەڕێکی جهانی دەکات نەک ناوچەیی؛ سەرکەوتنی یەکجار گەورەشی بەدەست ھێناوە؛ جا بۆیە دنیا ڕێزی (سەرۆک بارزانی) دەگرن؛ جگە لەوەش سەرکۆماری وڵاتە هەرە گەورەکانی جیهان کە ھاوپەیمانی کوردن لەو شەڕەدا، هیچ کامێکیان ئەوەندەی (سەرۆک بارزانی) شەڕی داعشیان پێ نەکراوە؛ جا (سەرۆک بارزانی) هەم بەرگریی مافی گەلی کورد دەکا و، هەم مافی مرۆی هەرهەموو دنیا.

Top