بی سی ئای لقی خۆی لە هەولێردا كردەوە

بی سی ئای لقی خۆی لە هەولێردا كردەوە
لە ئاهەنگێكی قەشەنگدا كۆمپانیای بی س ئای كردنەوەی لقی خۆی لە هەرێمی كوردستاندا راگەیاند. بە ئامادەبوونی شاندی كۆمپانیای سامسونگ و ژمارەیەكی زۆر لە بریكارەكانی گرووپی بی سی ئای و ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن، گرووپی بی سی ئای بە فەرمی لقی خۆی لە هەولێری پایتەختی كوردستان كردەوە.
سەرەتا محەمەد حەمادنە بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی كڕیاران لە گرووپی بی سی ئای كورتەیەكی دەربارەی گرووپەكە بۆ میوانان باس كرد و گوتی: بە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و وڵاتی عێراق بە گشتی بە یەكێك لە بازاڕە گرنگەكانی ناوچەكە دادەندرێت، پێمان باش بوو بێینە نێو ئەو بازاڕە. ئێستاش كۆمپانیاكان و بازرگانان بۆیان روون بۆتەوە كوردستان ئارامە و رۆژ لە دوای رۆژیش سەركەوتنی زیاتر بەسەر رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەدەست دێنێت، بۆیە پێمان باش بوو لقی خۆمان لە هەولێر بكەینەوە.
ئێستا گرووپەكەمان تاكە بریكاری كۆمپانیای سامسونگە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ ئامێری مۆبایل.
جگە لە سامسونگ، گرووپی بی سی ئای لەگەڵ چەندین ماركەی جیهانیدا هاوكاریی كاركردنی هەیە وەك پۆلیكۆم، جونیپێر، هۆنی وێڵ، سمارت، مكافێ و چەندین ماركەی دیكە.
كۆمپانیای بی سی ئای لە وڵاتانی ئوردن و فەڵەستین بە هەمان شێوە تاكە بریكاری سامسونگە بۆ مۆبایل.
پاشان ئاهەنگەكە كۆمەڵێك بڕگەی لە خۆ گرت سەرنجڕاكێشترینیان نمایشی سیحربازی لبنانی جینۆ بوو كە زۆر لە میوانان بوونە قوربانیی دەستی ئەو سیحربازە و بە خۆشییەوە فێڵەكانی جینۆیان بەسەر تێپەڕ دەبوو.
گرووپی بی سی ئای لە ساڵی 1995 لە رێگەی سەعید برانسی دامەزرا و لە ساڵی 2004دا چالاكییەكانی فراوانتر كرد لە رێگەی كردنەوەی دووبەش. یەكەمیان بەشی چارەسەرییەكان و سیستمی پەیوەندییەكانی وایەر لێس و دووەمیان بەشی مۆبایلەكانە.
Top