سەربەست لەزگین: ئەستەمە پەكەكە بەشداری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بكات
رووداو: یەكینەكانی بەرخودانی شنگال دوو گوندی سەر بە بەعاجیان كۆنترۆڵ كردەوە. میدیای عێراقیش رایگەیاند، هێزی هاوبەش رێگای سەرەكیی بۆ سووریا، كە پێیدەڵێن جادەی 47 ، كۆنترۆڵ كردووە، پێشمەرگە بۆچی بەشداریی ئەو شەڕەی نەكرد؟
سەربەست لەزگین: هەر لە سەرەتاوە هێزێكی كەمی ئێمە لەو ناوچەیە بوو كە پێیدەڵێن خانەسۆر، لەبەر ئەوەی هاوسنوورە و نزیكە لە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە ئەوان شەڕەكەیان بەبێ پێشمەرگە كرد. دەمەوێ شتێك بۆ مێژوو بڵێم، هەموو ئەو كارە پەكەكە دەیكات، بەڵام لەژێر ناوی هەندێك هێزی دیكە، ئەوان هەماهەنگییان لەگەڵ عەبدولڕەحیم شەممەری كردووە لە سووریا بۆ ئەو كارە.
ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەمانویست پلانی گرتنەوەی شنگال لە خانەسۆرەوە دەست پێبكەین بۆ سێڕێیانی باب شلۆ و گرعزێر و شنگال كە رێگای سەرەكی بۆ سووریا دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە دوای سێ دانیشتن لەگەڵ پەكەكە، نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك و بە ناچاری پلانی خۆمان گۆڕی و هاتینەوە لە گاباراوە چووین بۆ سێڕێیانی گرعزێر. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەكەكە ئەو رێگایەی كۆنترۆڵ نەكردووە، بەداخەوە چەندین شەهیدیشیان داوە.
رووداو: بۆچی نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ پەكەكە، داواكاریی ئەوان لە ئێوە چی بوو؟
سەربەست لەزگین: دەیانویست خۆیان بكەنە خاوەنی هەموو ئۆپەراسیۆنەكە كە ئەوەش نەدەكرا. ئێمەش دەمانویست بازگەكانیان هەڵبگرن، خۆ ناكرێت لەژێر ئاڵای ئەوان كە هێزێكی فەرمیی هەرێمی كوردستان یان عێراقی نین و بەبێ مۆڵەت هاتوون بۆ ئەم ناوچەیە، هاتوچۆ بكەین، بەڵام دواتر گوتیان قەندیل داوای لێكردووین بازگەكان هەڵنەگرین.
رووداو: دەڵێن ئەو دوو گوندەی كۆنترۆڵ كرانەوە زۆر ستراتیژین، راستە؟
سەربەست لەزگین: ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی شنگال تا سێڕێیانی گرعزێرمان لە رۆژئاوای شنگال كۆنترۆڵ كرد، تەنیا 25 كیلۆمەتر لە سێڕێیانی باب شلۆ دووربووین. راستە ئەوان ئەو دوو گوندەیان كۆنترۆڵ كردەوە، بەڵام هێشتا چەندین گوندی دیكە ماون كۆنترۆڵ بكرێن تاوەكو بگەیتە سەر سنوور. جگە لەوەش ئەوان كاتێك ئەو دوو گوندەیان كۆنترۆڵ كردەوە ئاڵای عێراقیان لێ هەڵدا. واتە ئەوان خوێنی گەنجانی كوردی ئێزدی دەڕژێنن بۆ ئەوەی خاكی كورد بگەڕێتەوە یان ئاڵای عێراقی لێ هەڵبدەن؟ پەكەكە بە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو دوو گوندە پشتڕاستی كردەوە كە ئەو هێزەی بەناوی یەبەشە دروستی كردووە سەر بە بەغدایە.
رووداو: مادام تەنیا چەند كیلۆمەترێك لەنێوان سێڕێیانی گرعزێر و باب شلۆ ماوە، بۆچی پێشمەرگە كۆنترۆڵی ناكاتەوە؟
سەربەست لەزگین: بەڕاستی هوكارێكی سەرەكی، بوونی هێزەكانی پەكەكەیە لەودیوی ناوچەكە كە نەمانتوانی پێكەوە ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكەینەوە. جگە لەوەش ئێمە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوە بیر لە چۆنیەتی پاراستنی ناوچەكە دەكەینەوە. ئێستا تەنیا 10%ی خاكی شنگال لەدەستی داعشدا ماوە، هەر رۆژێك سەرۆك بارزانی بڕیار بدات كۆنترۆڵی دەكەینەوە، بەڵام بەڕاستی زۆر باشترە پێشی ئەو هەنگاوە بەعاج و بلێجیش لەدەست داعش دەربهێندرێت كە ئەویش ئیشی پێشمەرگە نییە و دەبێ حكومەتی عێراق بیانگرێت.
رووداو: كەی دەست بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەكرێت؟ ئایا پەكەكە بەشدار دەبێت؟
سەربەست لەزگین: زۆر ئەستەمە بەم شێوەیەی ئێستا ئۆپەراسیۆنەكە دەست پێبكات، لەبەرئەوەی كێشەی سیاسی و سەربازی هەیە، ململانێی سیاسی هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە و بە كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ زۆر شت دەگۆڕێن، لە رووی سەربازیشەوە هێشتا حكومەتی عێراق خۆی ئامادە نەكردووە، بۆ نموونە كێ دواتر ئەو ناوچانە دەپارێزێ، چۆن دەپارێزرێن. سەبارەت بە پەكەكەش ئەستەمە بەشداری بكات. هەروەك لە كۆنترۆڵكردنەوەی شنگالیش گوتیان دەیكەین و نەیانتوانی.
رووداو: دەڵێن دوای گرتنەوەی شنگال، قاچاخچێتی لە نێوان سنووری رۆژئاوا و باشووری كوردستان لە نزیك رەبیعە زۆر بووە، چەند بەرپرسێكیش كارەكەیان پاوان كردووە؟
سەربەست لەزگین: بەڕاستی ئەوەی من بزانم تەنیا دوو رێگای فەرمی لە نێوان باشوور و رۆژئاوا لە سنووری رەبیعە هەن، ئەویش كارمەندانی حكومی لێن و ئیشی خۆیان دەكەن.
رووداو: دەڵێن تەنیا هەندێك بەرپرس بۆیان هەیە شتەكان ئاودیوی سنوور بكەن؟
سەربەست لەزگین: ئاگادار نیم. ئەوەی من بینیومە كەلوپەلی دروستكردنی خانووبەرە و شتی دیكە دەچێتە ئەودیو و لەوێش هەندێك شتی دیكە دێن.
رووداو: داعش چەند جار چەكی كیمیایی لە شنگال بەكارهێناوە؟
سەربەست لەزگین: سێ جار بە شێوەی جیا جیا، تەنیا بە جارێك 31 مووشەكی كیمیاییان بەكارهێنا لە سەربازگەی دومیز لە رۆژئاوای شنگال، بەڵام زیانی نەبوو؟
رووداو: پێشی هەفتەیەك هەشت فڕۆكەی ئەمریكی لە نزیك كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بە ناحیەی سنوونێ نیشتنەوە و دواتر رۆیشتن، ئەوانە بۆچی هاتبوون؟
سەربەست لەزگین: بەڕاستی ئێمەش نازانین، پرسیارم لەسەرەوەی خۆم كرد گوتیان ئاگادارین و نیگەران مەبن، ئیدی ئێمەش لەوە زیاتر پرسیارمان نەكرد، بەڵام پێدەچێت پەیوەندی بەو ئۆپەراسیۆنەوە هەبێت كە دژە تیرۆریش بەشداریی تێدا كرد بۆ كوشتنی گەورە تیرۆریست حەجی ئیمام.
رووداو: جاربەجار هەواڵی رزگاربوونی چەندین ژن و منداڵ لە دەستی داعش لە سنووری نزیك شنگال بڵاودەبێتەوە، ئەو پرۆسەیە چۆنە، پێشمەرگە پێشتر ئاگادارە؟
سەربەست لەزگین: ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە داعش زۆر زۆر لاواز بووە، پێش چەند رۆژێك سێ ژن و منداڵەكانیان لە نزیك گوندی قابوسیە خۆیان لە دەستی داعش رزگار كرد. ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی لاوازبوون و بێ ئاگایی داعشە لە ناوچەكە، داعش وەكو جاران كۆنترۆڵی بەسەر خەڵكدا نەماوە.
رووداو
