زیاتر لە 80 بەندکراوی کورد لە کرماشان حوکمی سێدارەیان لەسەرە
بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا ئێستا زیاتر لە 80 زیندانیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری کرماشان چاوەڕێی جێبەجێ بوونی سزای سێدارەدانن کە ناسنامەی 13 کەسیان بڵاو کراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە دۆخی نێوخۆیی گرتووخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان ئاشکرای کردووە کە لەکۆی 2700 زیندانی، حوکمی کۆتایی لەسێدارەدانی 86 کەس دەرچووە و چاوەڕویی ڕۆتیناتی یاسایی دەکەن.
یەکێک لەو کەسانەی کە شیمانە دەکرێت بەمزوانە حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ بکرێت، "مەسعوود داستان"ـە کە 14 ساڵە لە گرتووخانە دایە.
ئەو بەندکراوە خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوانە و بە کوشتنی کەسێک تاوانبارە.
ناسنامەی 12 هاووڵاتی کوردی پارێزگای کرماشان کە لەو گرتووخانەیەدا حوکمی سێدارەیان لەسەرە بریتین لە:
١ـ مێهران ئەشرەفی
٢ـ مێهرداد کەرەمی
٣ـ ئیلاهی ئەحمەدیان
٤ـ سیرووس کەریمی
٥ـ فەریبۆرز عەبدۆڵڵاهی
٦ـ خەیام قوبادی
٧ـ یەزدان فرووشانی
٨ـ عەبدولڕەحمان موزەفەری
٩ـ مەسعوود وەکیلی
١٠ـ محەممەد بازانی
١١ـ بەهمەن فەتحی
١٢ـ کەیوان فوادفەڕ
هەر بەپێی هەواڵی گەیشتوو، زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامیان لەسەرە، تاوانی "کوشتن و کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر"یان ئەنجام داوە.
هەندێ سەرچاوەی خەبەری، ڕێژەی حوکمی ئیعدامەکان بە زیاتر لە 500 کەسیش مەزندە دەکەن.
زیندانی دیزڵ ئاباد یەکێک لەو گرتووخانانەیە کە بە هۆکاری ئەمنی، کەمترین هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە دۆخی زیندان و دەستبەسەر کراوەکان لەو زیندانە، بڵاو دەبێتەوە.
دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وەک بەرپرس و بەڕێوەبەری گرتووخانەکان، هیچ کاتێ ئامار و وردەکاریی ڕێژەی زیندانییان و دۆخی ناوەوەی زیندانەکانی بڵاو ناکاتەوە و لێداونی بەرپرسانی دەوڵەتیش سەبارەت بە زیندانییەکان زیاتر پڕوپاگەندە بۆ دەسەڵاتی ناسەربەخۆی دادوەرییە.
باسنيوز
