هاوپەیمانان دوو بنکەی داعش لە نزیک شنگال بۆردومان دەکەن

هاوپەیمانان دوو بنکەی داعش لە نزیک شنگال بۆردومان دەکەن
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دوو بنکەی چەکدارانی ئەو رێکخراوی لە نزیک شنگال بۆردومان دەکەن.



بەپێی راگەیەندراوێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رۆژی 28ـی ئاداری 2016، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان سێ بنکە و بارەگای چەکدارانی داعشیان لە نزیک گوندی (سوڵتان عەبدوڵڵا) لە نزیک مەخموور بۆردومان کردووە.



هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، دوو بنکەی دیکەی رێکخراوەکە لە نزیک شارۆچکەی شنگالیش بۆردومان کراون و وێڕای کوژرانی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش، بنکەیەکی مووشەکیی داعشیش وێران بووە.



دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیان بۆ بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە، پێکهێنا.



پشتیوانیی ئەو فڕۆکە جەنگییانە، بووەتە بەشێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر چەکدارانی ئەو رێکخراوە.






باسنیوز
Top