ئه‌نجومه‌نی ئاسایش: لاهور جەنگی لە ژێر چەتری یاسایی ئەنجومەن چەندەها پێشێلکاری ئەنجام داوە

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش: لاهور جەنگی لە ژێر چەتری یاسایی ئەنجومەن چەندەها پێشێلکاری ئەنجام داوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ”لاهور شێخ جەنگی“، بەرپرسی دەزگای زانیاری، لە ژێر ئەو چەترە یاساییەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆی دەستەبەر کردووە، پێشێلکاری ئەنجام داوە.



بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ”ماوەی چەند ساڵێکە لاھور جەنگی لە ژێر ئەو چەترە یاساییەی، کە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆی دەستەبەرکردبوو، چەندەھا چەوتی و پێشێلکاریی ئەنجام داوە و ھیچ کاتێ پابەندی یاسا و رێساکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبووە و سەربەخۆیانە و بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان رەفتاری کردووە“. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە لاهور جەنگی وێڕای چەندین جار ئاگادار کردنەوەی، لە پێشێلکارییەکانی بەردەوام بووە. لەم ماوەیەشدا ھەوڵی داوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا چەوتییەکانی پەردەپۆش بکات و کێشەکانی دەزگایەکی ئەمنیی زۆر بە ”ناشیاوانە و ھەرزەکارانە“ خستە ناو کۆڕ و سمینارەکان تا لە ھەیبەتی ئەم دەزگایانە کەم بکاتەوە.



ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:



ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە

ماوەی چەند ساڵێکە لاھور جەنگی لە ژێر ئەو چەترە یاساییەی، کە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆی دەستەبەرکردبوو، چەندەھا چەوتی و پێشێلکاریی ئەنجام داوە و ھیچ کاتێ پابەندی یاسا و رێساکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبووە و سەربەخۆیانە و بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان رەفتاری کردووە.

ناوبراو پێگەی خۆی و تواناکانی دامەزراوەیەکی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بەرگری کردن لە بەشێکی یەکێتی نیشتیمانی بەکار ھێناوە و تەنانەت بووەتە ھەڕەشەش بۆ سەر بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی.

وێڕای چەندین جار ئاگادار کردنەوەی ناوبراو کەچی لە پێشێلکارییەکانی بەردەوام بووە. لەم ماوەیەشدا ھەوڵی داوە لە دەزگاکانی راگەیاندندا چەوتیەکانی پەردەپۆش بکات و کێشەکانی دەزگایەکی ئەمنیی زۆر بە ناشیانە و ھەرزەکارانە خستە ناو کۆڕ و سمینارەکان تا لە ھەیبەتی ئەم دەزگایانە کەم بکاتەوە.

لە پەیوەندیی بەو چەوتیانەوە چەندین جارە ناوبراو باس لە بڕینی بودجە لە بەشێکی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، ئێمە لێرەدا بە ڕای گشتیی ڕادەگەیەنین، کە ناوبراو بودجەی وەرگرتووە، بەداخەوە بە پێی رێساکانی ئەنجوومەن ناتوانین بەلگەکانی وەرگرتنی بودجەی مانگانەی ئەو بەشە بۆ راگەیاندن ئاشکرا بکەین، بەڵام پسولەکانی وەرگرتنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەینە ڕوو، ئەوجا دەبێت بەدواداچوون بکرێت ئەم بودجەیە، کە بە وەرنەگیراو ھەژماریان کردووە چیی لێ ھاتووە.

ئێمە بە داخەوەین کە ئەم بابەتانە و وەڵام و وەڵامدانەوانە دەکەوێتە ناو ڕاگەیاندن، بەلام بۆ رێگری لە چەواشەکارییەکان ناچار بووین رەوشەکە ڕوون بکەینەوە و لە ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمیشدا دەست بەو رێکارانە دەکەین، کە کۆتایی بەو کێشانە بھێنرێت.



نووسینگەی ڕاگەیاندنی

ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

٢٩/٣/٢٠١٦















ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس
Top